PM:10:22:18/11/2025
328 جار خوێندراوەتەوە
+
-
لاپۆرتا دەیەوێت لەگەڵ مێسی ئاشتبێتەوە و ناوی
یاریگای کامپ نۆ بگۆڕێت بە سپۆتیفای کامپ نۆ لیۆ مێسی.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان گفتوگۆی جددییان ئاشکرا
کرد کە لە پشت پەردەوە ئەنجام دەدرێن، تێیدا باس لەوەکراوە یانەی بەرشەلۆنە لە
ئێستادا هەنگاو دەنێت بۆ نەمرکردنی ناوی لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتینی بە
شێوەیەکی ناوازە کە ڕەنگدانەوەی ئەو دەستکەوتە گەورانەیە کە لە ماوەی ساڵانی
پۆشینی درێسی یانە کەتەلۆنییەکەدا بەدەستی هێناوە.
مێسی بە یەکێک لە گەورەترین ئەفسانەکانی
بەرشەلۆنە لە مێژوودا دادەنرێت، کە بۆ ماوەی 16 وەرز بۆ یانە کەتەلۆنییەکە یاری
کردووە، 778 یاری لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان ئەنجامداوە، تێیدا 672 گۆڵی
تۆمارکردووە، 303 ئەسیستیشی هەیە، هەروەها لەگەڵ یانەکەش چەندین دەستکەوتی بەرچاوی
بەدەستهێناوە، دیارترینیان چوار نازناوی چامپیۆنزلیگ و 10 نازناوی خولی ئیسپانیا.
لە ئێستاشدا بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی
مارکا، بەرشەلۆنە بەجدی بیر لە ناونانی کامپ نۆوی نوێ دەکاتەوە بە ناوی لیۆنێل
مێسییەوە، واتا دەیەوێت ناوی یاریگاکە بگۆڕێت بۆ سپۆتیفای کامپ نو لیۆ مێسی.
هەندێک پێیان وایە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی
هەوڵەکانی خوان لاپۆرتایە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ لیۆنێل مێسی و دوورکەوتنەوە لە
پێکدادانی گشتی لەگەڵ ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە، بە لەبەرچاوگرتنی نزیکبوونەوەی
وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی یانە کەتەلۆنییەکە.
مێسی پێی وایە پیلانێکی شاراوە بە سەرۆکایەتی خوان
لاپۆرتا ڕێکخرابوو بۆ دەرکردنی لە بەرشەلۆنە، دوای ئەوەی سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە
لە ساڵی 2021 نەیتوانی بەڵێنەکانی بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی جێبەجێ بکات، ئەمەش
وایکرد میسی بە گواستنەوەی بێبەرامبەر رووبکاتە پاریس سان جێرمان.