چوار سوپەر ستار بۆ جێگەی لیڤا دەستنیشانکراون

PM:01:04:16/11/2025

376 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەرشەلۆنە چوار ئەستێرەی سوپەری بۆ جێگای لیڤاندۆڤسکی دەستنیشانکردووە و یاریزانەکەش دوپاتیکردەوە کە داهاتووی خۆی نازانێت و پەلە ناکات لە بڕیاردان.

یانەی بەرشەلۆنە بە جددی دەستی کردووە بە بیرکردنەوە لە پلانەکانی بۆ گواستنەوەی هێرشبەرێکی سوپەر لە کاتێکدا گرێبەستەکەی ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە هاوینی داهاتوو نزیک دەبێتەوە لە کۆتایی.

سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی بەرشەلۆنە بە ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانیان ڕاگەیاندووە، کە بەشی کارگێڕی ئابووری پێی وایە دەتوانرێت ستراتیژێکی دارایی دابنرێت کە ڕێگە بە وەبەرهێنانێکی گەورە بدات ئەگەر بەشی کارگێڕی وەرزشی بە پێویستی بزانێت، بە مەرجی پابەندبوون بە چەند مەرجێکی دارایی و ڕێکخراوەیی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، جولیان ئەلڤارێزی ئەستێرەی ئەتلەتیکۆ مەدرید لە پێشەنگی لیستی بژاردەکاندایە، بەڵام یانەکە بیر لە بەدیلەکانی دیکە دەکاتەوە وەک هاری کەین لە بایرن میونشن و سێرهۆ گویراسی لە بۆروسیا دۆرتمۆند و ڤیکتۆر ئۆسیمێن لە گەڵەتەسارای.

لیڤای تەمەن 37 ساڵ لەگەل بەرشەلۆنە 108 گۆڵی تۆمارکردووە، سەبارەت بە داهاتووی دەڵێت: ئارامم، نازانم لە کوێ دەبم و چەند مانگێکی تر چی دەکەم، پێویست ناکات هیچ کارێک بکەم و هەست بە هیچ پەلەکردنێک ناکەم.