رۆناڵدۆ 13یەمین کارتی سوری وەرگرت و ئەگەری هەیە یەکەم یاری مۆندیال لەدەستبدات

AM:11:43:14/11/2025

300 جار خوێندراوەتەوە

+ -

رۆناڵدۆ 13یەمین کارتی سوری لە ژیانی وەرزشیدا وەرگرت و ئەگەری هەیە یەکەم یاری مۆندیال یاری نەکات.

شەوی رابردوو هەڵبژاردەی پۆرتوگال بە دوو گۆڵی بێوەڵام بە ئێرلەندا دۆڕا، لە یارییەکەدا کریستیانۆ رۆنالدۆ لە خولەکی 61 بە کارتی سور کرایە دەرەوە و یەکەمین کارتی سوری لەگەڵ هەڵبژاردەی یەکەمی وڵاتەکەی پاش 226 یاری بەڕوودا بەرزکرایەوە.

کارتە سورەکەی رۆناڵدۆ 13یەمین کارتی سوری کاروانی پیشەگەری بوو، کە چوار کارتی لەگەڵ مان یو بەڕوودا بەرزکراوەتەوە و شەش کارتی سەردەمی یاریکردنی لە ریاڵ مەدرید، وە لەگەڵ یۆڤانتۆس و نەسڕیش یەکی یەکجار کارتی سوری وەرگرتووە.

هەروەها کرانە دەرەوەی رۆناڵدۆ لە یارییەکەی ئێرلەندا تەنها کارتێکی سوری ئاسایی نەبوو چونکە راستەوخۆ کارتەکەی بەروودا بەرزکرایەوە، وە ئەگەر یاریزانەکە لە یارییەک زیاتر سزا بدرێت، ئەوە لە ئەگەری سەرکەوتنی پۆرتوگال لە یاری داهاتوویان، رۆناڵدۆ لە یەکەمین یاری مۆندیال بێبەش دەبێت، کە ئەمەش هەوڵێکی زۆر ناخۆش دەبێت بۆخۆی و هاندەرانی هەڵبژاردەکەی.

کرانەدەرەوەی رۆناڵدۆ کاردانەوەیەکی گەورەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدواداهات، پاش یارییەکەشیان مارتینێزی راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال پشتگیری لە یاریزانە کرد و دوپاتیکردەوە کریستیانۆ شایستەی کارتی سوور نەبووە، بەڵام یاری داهاتوو لە پێناو ئەودا دەبەنەوە و دەگەنە مۆندیال.