سەڵاح وادەى وازهێنانی لە یاریکردن ڕاگەیاند

PM:10:51:24/10/2021

1016 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سەڵاح وادەی وازهێنان لە تۆپی پێ دیاریدەکات و لەو بڕوایەشدایە دەتوانێت تۆپی ئاڵتونی بەدەستبهێنێت.

محەمەد سەڵاحی میسری و هێرشبەری لیڤەرپوڵ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای سپۆرتس ئاشکرایکرد، بوونی میسی و ڕۆناڵدۆ و لیڤاندۆڤسکی و سوارێز لە لاکێشە سەوزەکانی تۆپی پێدا ئەو ڕاستییە دووپاتدەکاتەوە کە سەردەمی یاریکردن لە تەمەنی سەروو 30 ساڵەوە بەسەر نەچووە و لەو بڕوایەشدایە دەتوانێت لە دوای تەمەنی 30 ساڵییەوە نازناوی تۆپی ئاڵتونی وەک باشترین یاریزانی جیهان بەدەستبهێنێت.

سەڵاح ڕاشیگەیاند، لە ئێستاشدا لە باشترین بارودۆخدایە وهەرچەندە هاوینی داهاتوو دەبێتە 30 ساڵ، بەڵام توانای ئەوەى هەیە تا تەمەنی 38 بۆ 39 ساڵی لە یاریکردن بەردەوام بێت و میسی و ڕۆناڵدۆ و چەندینی تری بە نموونە هێنایەوە کە تائەم ساتە تەمەنیان هەڵکشاوە و کێبڕکێی تۆپی ئاڵتونیش دەکەن.

محەمەد سەڵاح یەکێکە لە پاڵێوراوانی تۆپی ئاڵتونی گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ و لە 2019 شدا لە ڕیزبەندی یەکەم تا پێنجەمی پاڵیوراوەکان بوو لە دوای هەریەک لە میسی و ڕۆناڵدۆ و ڤان دایک و مانێ.