ڕووبەڕووبونەوە ئاگرینەکانی سبەینێی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا

PM:05:35:27/09/2021

2628 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سبەینێ سێشەممە لە هەشت یاریگای ئەوروپا جەولەى دووەمی یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە کۆمەڵەی یەکەم تا کۆمەڵەی چوارەم بەڕێوەدەچێت.

لە کۆمەڵەی یەکەمدا و لە یاری لوتکە و ئاگرینی کۆمەڵەکەدا یانەى پاریس سان جێرمان لە پارک دی پرانس میوانداری یانەى مانچستەر سیتی دەکات.

پاریس لە ژێر سەرپەرشتی پۆچیتینۆی ڕاهێنەر لە جەولەى یەکەمدا و لە یارییەکی ئاساندا دوو خاڵی گرنگی بەرامبەر یانەى کلوب بروجلەدەستدا و ئامانجی یانەکە بە بوونی ئەسـتێرەکانی وەک میسی و مباپێ و نەیمار بەدەستهێنانی یەکەم سەرکەوتنە هەرچەندەئەرکەکەى بەرامبەر مان سیتی ئاسان نابێت.

لە لایەن خۆشییەوە مان سیتی لەجەولەى یەکەمدا نیودەرزەن گۆڵی لە لایپزیگ کرد و کار بۆ دووەم بردنەوەی یەک لە دوایەک دەکات هەرچەندە لە مەترسی ڕکابەرەکەى تێدەگات کە تینوی یەکەم سەرکەوتنە لە پاڵەوانێتیەکە.

لە کۆمەڵەى دووەمیشدا دوو یاری گرنگ بەڕێوەدەچێت، یانەى میلان لە دووەم تاقیکردنەوەى خۆیدا و لە سانسیرۆ میوانداری یانەى ئەتلەتیکۆمەدرید دەکات.

میلان لە جەولەى یەکەمدا شکستی هێنا و نەیتوانی بردنەوە تۆماربکات و بە دوو گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ بە لیڤەرپوڵ دۆڕاو ئامانجی یانە ئیتاڵیەکە بردنەوەیە لە دووەم تاقیکردنەوەکەیدا و کۆکردنەوەى سێ خاڵی گرنگە لە بەردەم هاندەرانی.

لە بەرامبەریشدا ئەتلەتیکۆمەدرید پاش ئەوەى بەرامبەر پۆرتۆ دوو خاڵی لەدەستدا، نایەوێت چیتر خاڵەکانی هەڵوەرێت و سەرەڕای قورسی ئەرکەکەى ، بەڵام سیمیۆنی ڕاهێنەر بە پشت بەستن بە سوارێز و گریزمان دەیەوێت شکست بە میلان بهێنێت و ببێتە خاوەنی یەکەم بردنەوە لەم وەرزەى چامپیۆنزلیگ.

لە دوەم یاری هەمان کۆمەڵەش لیڤەرپوڵ و پۆرتۆ ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە و ئامانجی لیڤەرپوڵ ڕوون و دیارە و کەتیبەکەى کلۆپ بە بوونی سەڵاح و مانی ئامانجیان سێ خاڵی یارییەکە تا کۆی خاڵەکانی بگەیەنێتە شەش خاڵ و لوتکەى ڕیزبەندی بەهێزتر بکات.

لە کۆمەڵەی سێیەمیشدا یانەى ئەیاکس لە پێگەى خۆی کار بۆ دووەم بردنەوەى یەک لە دوایەک دەکات پاش ئەوەى لە جەولەى یەکەمدا پێنج گۆڵی لە سپۆرتنگ لشبۆنە کرد و دەیەویت هەمان سیناریۆ دووبارە بکاتەوە کاتێک میوانداری بێشکتاشی تۆرکی دەکات.

لە یارییەکی تری هەمان کۆمەڵە دۆرتمۆند لە سیگناڵ ئایدونا پارک میوانداری سپۆرتنگ لشبۆنە دەکات و ئامانجی دۆرتمۆند هەمان ئامانجی ئەیاکسە و دەیەوێت کێبڕکێی پێشەنگی ڕیزبەندی تاکلایەنە بکات و سێ خاڵی یارییەکە لە یانە پورتوگالیەکە وەربگرێت تا نزیک بێتەوە لە مسۆگەرکردنی کورسیەک لە قۆناغی 16ی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.

لە کۆتایدا و لە کۆمەڵەی چوارەمدا ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی و خاوەن 13 نازناوی چامپیۆنزلیگ لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەرامبەر یانەى تیراسپۆڵی مۆڵدۆڤی یاری دەکات، مەدرید لە جەولەى یەکەمدا و لە یاری لوتکەدا سەرکەوتنی بەسەر ئینتەرمیلاندا تۆمارکرد و خاوەنی سێ خاڵە و لە بەرامبەر یانە مۆڵدۆڤییەکەش ئامانجەکەى ڕوونە و کار بۆ دووەم بردنەوە دەکات.

لە دووەم یاری هەمان کۆمەڵەش شاختاری ئۆکرانی لە یاریگای خۆی بەرامبەر ئینتەرمیلانی ئیتاڵی یاری دەکات ئامانجی هەردوو یانە کۆکردنەوەى یەکەم سێ خاڵە پاش ئەوەى لە جەولەی یەکەمدا بەرامبەر یانەکانی تیراسبۆڵ و ڕیاڵ مەدرید دووچاری شکستهاتبوون.