تۆتنهام هاری کەین دەفرۆشێت یان نا؟

PM:10:35:05/06/2023

564 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەرپرسانی تۆتنهام سوورن لەسەر دەستبەردار نەبوون لە هاری کەین و ریاڵ مەدریدیش گرێبەستێکی ئامادەیە بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە.

هاری کەینی ئینگلیزی و هێرشبەری یانەی تۆتنهام بووەتە ئامانجێکی گەورەی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی تا لە هاوینی ئەمساڵدا گرێبەستی لەگەڵدا ئیمزا بکرێت.

رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەڕیتانی بڵاویکردووەتەوە، دانێل لیڤی سەرۆکی یانەی تۆتنهام جارێکیتر دوپاتیکردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک بیریان لە فرۆشتنی هاری کەین نەکردووەتەوە.

رۆژنامەکە رایگەیاندوە، بەرپرسانی تۆتنهام ئاگاداری هەردوو یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی و ریاڵ مەدریدی ئیسپانیان کردووەتەوە کە هاری کەین بەهیچ شێوەیەک بۆ فرۆشتن نییە.

دەشڵێت، ئامانجی یانە لەندەنیەکە ئەوەیە کە ئەو یاریزانە رازی بکەن بە مانەوە لە یانەکەیان و گرێبەستەکەی لەگەڵیاندا نوێبکاتەوە و ئەگەر بەوە رازی نەبوو ئەو کات بیر لە فرۆشتنی دەکەنەوە تا لە هاوینی 2024دا بێبەرامبەر نەڕوات.

لەلایەکی ترەوە، رادیۆی کادینا سێر بڵاویکردووەتەوە، یانەی ریاڵ مەدرید گرێبەستێکی ئامادە کردووە تا پێشکەشی تۆتنهامی بکات بۆ دەستبەرداربوون لە هاری کەین کە نرخەکەی 80 ملیۆن یۆرۆیە بەڵام ئەستەمە تۆتنهام بەو نرخە رازی بێت و بە کەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ نایفرۆشن.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئۆفەرەکەی ریاڵ مەدرید بۆ هاری کەین مووچەی ئەو یاریزانەیان بە 11 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە دیاریکردووە و گرێبەستەکەشی بۆ ماوەی سێ ساڵ و تا هاوینی 2026 دەبێت.
خ . ک