ڤیدیۆ.. خەڵاتى پێڵاوى ئاڵتون بە لیڤاندۆڤسکى بەخشرا

PM:05:26:21/09/2021

336 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لیڤاندۆڤسکى خەڵاتى پێڵاوى ئاڵتونى وەک باشترین گۆڵکارى خولە ناوخۆییەکانى وەرزى ڕابردووى ئەوروپا وەرگرت.

سایتى یانەى بایرن میونشنى ئەڵمانى بڵاویکردەوە، خەڵاتى پێڵاوى ئاڵتون بەخشراوەتە ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسکى پۆڵەندى هێرشبەرى یانەکەیان، وەک گۆڵکارى خولە ناوخۆییەکانى ئەوروپا لە وەرزى 2020 بۆ 2021.

ئەمەش دواى ئەوەى لیڤاندۆڤسکى لە وەرزى ڕابردووى خولى ئەڵمانیا 41 گۆڵى تۆمارکرد و دووەم یاریزانە لە ئەڵمانیا ئەو خەڵاتە بەدەستدەهێنێت، لە دواى گێرد مۆلەر، کە ئەم لە 1970 و 1972دا بەدەستى هێناوە.

لە لێدوانێکدا دواى وەرگرتنى خەڵاتەکە، لیڤاندۆڤسکى ئاماژەى بەوەکرد، زۆر دڵخۆشە بەم شەرەفە مەزنە و سوپاسى خێزان و هاوکارەکانى لە تیپەکەی و دەستەى ڕاهێنەران و هەموو یانەکەى دەکات، پێیوایە بەبێ پاڵپشتى ئەوان خەڵاتەکەى بەدەستنەدەهێنا.

لیڤاندۆڤسکى دەڵێت "ئەوەى گرنگە دەبێت ڕێزى یەکتر بگرین و پاڵپشتى لە یەکتر بکەین و بە دادپەروەرانە مامەڵە بکەین، هەوڵیش دەدەم نمونەیەک بم بۆ ئەوانى تر، لەبەرئەوەش خەڵاتەکە دەبەخشمە هەموو ئەو کەسانەى هەموو ڕۆژێک لەگەڵمدا بوون، دڵخۆشیشم بە هەموو ئەو شتانەى وەک تیپێک بەدەستمان هێناون و زۆر سوپاسى هەموو لایەک دەکەم".

ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسکى 33 ساڵ لە وەرزى ڕابردووى بۆندس لیگادا بەشدارى لە 29 یاری بایرن میونشندا کرد و 41 گۆڵ و حەوت ئەسیستى تۆمارکرد.

گ . ف