زیدان لەبەردەم گرێبەستێکی مێژووی پاریسدایە

PM:01:27:21/09/2021

1300 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پاریس سان جێرمان دەیەوێت لەڕێی پلانێکی بەهێزەوە زیدان ڕازیبکات تا پۆستی ڕاهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەنوسیەکانی فەڕەنسا ئاشکرایانکرد کە یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی بیر لەوەدەکاتەوە پۆچێتینۆ لە ڕاهێنەرایەتی یانەکەی دووربخاتەوە ئەوەش دوای ئەو ڕەخنانەی لە ماوەی ڕابردوودا ئاڕاستەیکرا.

ڕۆژنامەی لی 10 سپۆرتی فەڕەنسی دوپاتیکردەوە کە کارگێڕی پاریس هەوڵدەدەن تا زینەدین دیدانی فەڕەنسی ڕازی بکەن تا پۆستی ڕاهێنەرایەتی یانەکەیان بگرێتە دەست و لە پەیوەندی ڕاستەوخۆدان لەگەڵ میلیاسیۆ بریکاری کارەکانی و ئامادەی هەموو شتێکن بۆ ئەوەی ڕاهێنەرەکە بگوازنەوە بۆ پاریس.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە یانەی پاریس سان جێرمان لە هاوینی ڕابردوو گفتوگۆیان لەگەڵ زیدان ئەنجامدا بەڵام ئەو ڕاهێنەرە ڕایگەیاندبوو کە دەیەوێت ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فەڕەنسا وەربگرێت.

یانە پاریسیەکە بۆ ئەو مەبەستە دەیەوێت گرێبەستێکی بەهێز پێشکەشی زیدان بکات تا ڕازیبکات بەجۆرێک بتوانێت لە هەمان کاتدا ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فەڕەنسا و یانەی پاریس سان جێرمانیش بکات تەنها بۆ ئەوەی بە گرێبەستەکەیان ڕازی بێت.