بەرشەلۆنە ئیمزاکردنى گرێبەستى لەگەڵ کیسێ ڕاگەیاند

PM:03:25:04/07/2022

776 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەرشەلۆنە بۆ چوار ساڵ گرێبەستى لەگەڵ کیسێ ڕاگەیاند و چوارشەممەش یاریزانەکە بە ڕاگەیاندنەکان دەناسێنرێت.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە لە سایتى تایبەتى خۆى لە ئینتەرنێت بڵاویکردەوە، یانەى بەرشەلۆنەى ئیسپانى ئاشکرایکرد، تا 30ى حوزەیرانى 2026 گرێبەستى لەگەڵ فرانک کیسێى کۆت دیڤوارى ئیمزاکردووە، کە ئەم کۆتایى مانگى ڕابردوو گرێبەستەکەى لەگەڵ یانەى ئەى سى میلانى ئیتاڵى کۆتایى هات.

بەرشەلۆنە ڕوونیکردووەتەوە، بەندى سزاى هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستەکەى کیسێ لەگەڵ یانەکەیان 500 ملیۆن یۆرۆیە و چوارشەممەى داهاتوو بە هاندەران و ڕاگەیاندنەکان دەناسێنرێت.

کیسێ لە 19ى کانونى یەکەمى 1996 لە شارى ئۆراگایۆى کۆت دیڤوار لەدایکبووە و لە 2014دا پەیوەندى بە یانەى ئەتلانتاى ئیتاڵییەوە کردووە، لە 2017شدا بەخواستن گرێبەستى لەگەڵ ئەى سى میلان ئەنجامدا و لە 2019دا بەرامبەر 33 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکە کرا بە هەمیشەیى.

کیسێى 25 ساڵ لە وەرزى ڕابردوودا بەشدارى لە 39 یاریدا کرد لەگەڵ میلان لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، حەوت گۆڵى تۆمارکرد و گۆڵێکیشى بۆ هاوکارەکانى درووستکرد.

گ . ف