ڕۆناڵدۆ نیگەرانە

AM:09:19:24/06/2022

516 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ڕۆناڵدۆ لە مانچستەر یونایتد بێهیوا دەبێت و بایرن میونشن بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی چاودێری دەکات.

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئەستێرەى مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی لە کارگێڕی یانەکەى نیگەرانەو بۆچوونەکان ئاماژە بەوەدەکەن لە مێرکاتۆدا ئۆڵد ترافۆرد بەجێدەهێڵێت، ئەوەش نیگەرانی لای هاندەرانی یانەکەى درووستکردووە، هەرچەندە گرێبەستەکەى لە هاوینی 2023 کۆتایی دێت.

لەو بارەیەوە، ڕۆژنامەی ئاس بڵاویکردەوە، ڕۆناڵدۆ درکی بەو ڕاستییە کردووە کە دەبێت لە قەڵای ئۆڵد ترافۆرد بڕوات و بڕیاری جێهێشتنی یانەکەشی پێویست بە کاتی زۆر ناکات بەهۆی بوونی بایرن میونشن کە لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکەى دەکات و ئامادەیە گرێبەستی لەگەڵدا واژوو بکات، تا لە ئەگەری ڕۆشتنی لیڤاندۆڤسکی بیکاتە شوێنگرەوەى.

ئاس ئاماژەى بەوەکرد، ئەنجام نەدانی گرێبەستی گەورە لە لایەن کارگێری مان یونایتد و نەبوونی یانەکە لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو دوو پاڵنەری سەرەکی دەبن تا ئەستێرە پورتوگالییەکە بڕیاری جێهێشتنی یانەکە و هاندەرانی لە ئۆڵد ترافۆرد بدات، ئەوەش لە کاتێکدایە مان سیتی هالاندی گواستەوە و لیڤەرپوڵیش نونێزی بۆ ئانفێڵد برد و مانچستەر یونایتدیش تا ئەم ساتە بەرامبەر گواستنەوەى ئەستێرەکان بێدەنگی هەڵبژاردووە.