کالهانۆگلۆ لە قسەکانى دژى ئینزاگى پەشیمان بووەوە

PM:05:31:23/06/2022

612 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کالهانۆگلۆ هۆکارى دۆڕاندنى دێربى میلانۆى خستبووە ئەستۆى ئینزاگى، بەڵام دواتر دووپاتیکردەوە ڕوونکردنەوەى هەڵە بۆ قسەکانى کراوە.

هاکان کالهانۆگلۆى تورکى یاریزانى یانەى ئینتەر میلان لە لێدوانێکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاندبوو، یانەکەى زۆر بەهێزتربووە لە یانەى ئەى سى میلان لە وەرزى ڕابردوودا، بەڵام دۆڕاندنى دێربى میلانۆ بەهۆى ئەو گۆڕانکاریەوە بووە، کە سیمۆنى ئینزاگى لە خولەکى 75ى یارییەکەدا کردوویەتى و هۆکارى شکستەکەى خستووەتە سەر ڕاهێنەر.

لێدوانەکەى کالهانۆگلۆ کاردانەوەى لێکەوتەوە لە نێوان هاندەرانى ئینتەردا و بەهۆى ئەمەشەوە یاریزانەکە ڕاگەیەندراوێکى بەپەلەى بڵاوکردەوە.

کالهانۆگلۆ دەڵێت "ئاشکرایە هەندێک لە قسەکانم ڕوونکردنەوەى هەڵەیان بۆکراوە، هەریگیزیش ڕەخنەم لە هیچ ڕاهێنەرێک نەگرتووە، ئینزاگى، کە ڕاهێنەرێکى نایەبە، ئەو منى هێنا بۆ ئینتەر و متمانەى پێبەخشیم".

کالهانۆگلۆى 28 ساڵ ئاماژە بەوەشدەکات، خۆى و هاوکارەکانى وەرزێکى ناوازەیان بەڕێکرد، کە توانییان دوو نازناو بەدەستبهێنن، کە ئەوانیش نازناوەکانى جام و سوپەرى ئیتاڵیا بوو.

گ . ف