لیڤاندۆڤسکی بووە گۆڵکاری پێنج خولە گەورەکەى ئەوروپا

AM:10:19:23/05/2022

1016 جار خوێندراوەتەوە

+ -

شانۆگەری پێنج خولە گەورەکەى ئەوروپا کۆتایی هات و لیڤاندۆڤسکی بۆ دووەم وەرز لەسەر یەک بووە گۆڵکاری خولەکە.

لە یاریگاکانی ئەوروپا کۆتایی بە ڕکابەرییەکانی وەرزی 2021 بۆ 2022ی پێنج خولە گەورەکەى ئەوروپا هات و لیڤاندۆڤسکی یاریزانی بایرن میونشن پێشەنگی ڕیزبەندی گۆڵکارانی خولەکەى گرت و توانی خەڵاتی پێڵاوی ئأڵتونی مسۆگەر بکات و ڕکابەرییەکە بە جیاوازی حەوت گۆڵ لە مباپێ بباتەوە.

پێگەى ئۆپتا بۆ ئامارەکان بڵاویکردەوە، پاش کۆتایی هاتنی یارییەکانی ئەم وەرزە، ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسکی یاریزانی بایرن میونشن بە تۆمارکردنی 35 گۆڵ و کۆکردنەوەى 70 خاڵ بووە گۆڵکاری خولەکە، لە بەرامبەردا مباپێ لە پاریس بە 28 گۆڵ و 56 خاڵ لە پلەى دووەمدایە، هەروەها بنزیمەى یاریزانی ڕیاڵ مەدرید و ئیمۆبیلی لە لازیۆ هەریەکەیان بە کۆکردنەوەى 54 خاڵ و تۆمارکردنی 27 گۆڵ پلەکانی سێەم و چوارەمیان گرتووە، پلەى پێنجەمیش بە 25 گۆڵ بۆ بن یەدەری یاریزانی مۆناکۆ بوو.

ئۆپتا بۆ ئامارەکان ئاماژەى بەوەکرد، لە پێنج خولە گەورەکەى ئەوروپادا بۆ هەرگۆڵێک دوو خاڵ دەبەخشرێتە یاریزانەکە، لیڤاندۆڤسکیش لە بۆندس لیگا توانی 35 گۆڵ تۆماربکات، ئەوەش وایکرد، بۆ دووەم وەرز لەسەر یەک ببێتە باشترین گۆڵکار لەسەر ئاستی خولەکانی ئەڵمانیا و ئیسپانیا و ئینگلتەرا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا.