با چیتر وەرزش نەبێتە دەسکەلای حزبەکان

7/26/2020 4:22:30 PM

161 جار خوێندراوەتەوە

ئاراس رواندزی
+ -

ساڵانێکە حزبەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان، دەستی چڵکنیان خستۆتە نێو جومگە جیاوازەکانی کایەی وەرزش و هیچ بوارێکیان بۆ هەناسەدانێکی تەندروست نەهێشتۆتەوە، ژینگەیەکی ئاڵۆزو حزبیانەیان لەنێو ماڵی وەرزش خوڵقاندووە، بە جۆرێک گەر بە وردی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕوانی، سیماو رووخساری بارەگایەکی حزبیت دێتە بەرچاو، نەک یەکیەتیەکی وەرزشی کە خاوەن گەورەترین چالاکی وەرزشیە!

بڕیارەکەی دوێنێ کە پاڵەوانبوونی نەورۆزو دانەبەزینی ئاراراتی لەخۆگرتبوو، بۆمن و بەشێکی زۆری هاوپیشەکانم شۆکێکی وەرزشی گەورە بوو، هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووم دوای سێ مانگ لە تامەزرۆیی و چاوەڕوانی وەرزشکاران و یانەکان، ئەندامانی یەکیەتیەکە بڕیارێکی بەو ئەندازە نالۆژیکی و نا زانستی و نا وەرزشی بدەن! لە کاتێکدا خۆیان بڕیاری هەڵوەشاندەوەیان داوە، کەچی لەو لاوە نازناوی خولەکەشیان بەخشیوە؟! بەڕاستی ئەو ئەندامانە شایستەی خەڵاتی داهێنانن! گریمان ئەو داهێنانەتان قەبوڵکرا، باشە گەر بە چاویلکەی حزبی نەتان روانیبێ، پێمناڵێن بەچ پێوەرێک پاڵەوانتان دیاری کرد؟! ئەی نەتاندی هاوشێوەی نەورۆز، دوو یانەی دیکە 26 خاڵیان هەیە؟! تەنانەت شەشەمی ریزبەند تەنها سێ خاڵ لە پێشەنگ دوورەو و ئومێدی گەیشتن بە لوتکەی ماوە! کەوایە بڕیارەکە ستەمێکی گەورەیە سەرەتا لە خودی یانەکەی شاری سلێمانی، چونکە تیپەکە بەربژێرێکی بەهێزی نازناوەکە بوو، لێ بەو شێوەو سیناریۆ حزبیە، پاڵەوانبوونەکەیان لێ کەم بایەخ و بێ ئەرزشکرد، سەرەرای لەباربردنی خەون و ئاواتی یانەکانی دیکە کە بەشێکیان ساڵانێکە تامەزرۆو تینووی بەدەستهێنانی ئەو نازناوە بوون.

هەر پەیوەست بەو دانیشتنە مێژووییە، ئەندامانی کوتلەی جێگری سەرۆک، لە پێناو دڵ رازیکردنی حزبەکەی ئەوبەرو کەمترین پەرچەکرداری دژ، بڕیاری زیندووکردنەوەی مردووێکیشیان داوە! ئەویش یانەی ئاراراتە کە لە دەستپێکی خول بە بڕیارێکی خۆیان وەفات نامەیان بۆ دەرکردو بۆ خولی پلە یەک دایان بەزاند، کەچی بە شکاندن و بنپێ خستنی یاساکانی خولەکەو بڕیاری پێشوویان، بەئیمزایەکی دیکە بۆ ریزی نایاب سەریان خستەوە!

بە بڕوای من ئێستا لە هەردوو باردا، واتا هەڵوەشاندنەوەو هەڵنەوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە، دەرهاوێشتەی زۆر نەرێنی بەسەر وەرزش و تۆپی پێی کوردستان دەبێت، بە ئەندازەیەک پێشبینی قوڵتر بوونەوەی کێشەو ململانێ حزبیەکانی ناو یەکیەتیەکە دەکەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە پێویستی دەزانم بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و پاڵەوانبوونێکی شایستە، بیرۆکەی خولێکی یەک قۆناغی بۆ شەش یانەکەی پێشەوەی ریزبەند بخەمە روو، لەئەگەری سەرنەگرتنی ئەو بژاردەیەش، دەکرێ خولەکە بێ دیاریکردنی پاڵەوان هەڵبوەشێتەوەو ئامادەکاری بۆ وەرزی داهاتوو بکرێت.

لە کۆتاییدا داوا لە هاوپیشە ئازیزەکانم دەکەم، بۆ بەرژەوەندی گشتی و خەمی راستەرێکردنی وەرزش، دوور لە بیری شارچێتی و حزبایەتی بێنە مەیدان، کاتی ئەوە هاتووە هەموومان مەشخەڵی شۆڕشێکی مەدەنیانە بەرز بکەینەوە و بە تووندی دژی دەستوەردانی حزبەکان بوەستینەوە، تا ئەو ساتەی جەستە شەکەت و ماندووەکەی وەرزش لەو شێرپەنجە ترسناکە دادەماڵین، ناکرێ چیتر حزبەکان و کارەکتەرەکانیان وەرزشی کوردستان بکەنە قوربانی و وەک دەسکەلایەک بۆ گەیشتن بە حەزو مەرامەکانیان بەکاری بێنن، چونکە بێدەنگی زیاترو نەنواندنی هەڵوێست، مانای مەرگی یەکجارەکی وەرزش و بێ مانابوونی میدیاکەشیەتی.