یەکەم سکرتێری کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی وەرزشی کوردستان کۆچی دوایی کرد

یەکەم سکرتێری کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی وەرزشی کوردستان کۆچی دوایی کرد
2020-04-11

1537 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ١١ی نیسانی ٢٠٢٠ مامۆستا ئالان عەلی غەریب رۆژنامەنووسی وەرزشی شاری سلێمانی و یەکەم سکرتێری کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی کوردستان لەشاری سلێمانی بەجەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.

ئالان عەلی غەریب ساڵی ١٩٧٣ لە سلێمانی لەدایکبووە، دەرچووی پەیمانگەی مەڵبەندی مامۆستایانی سلێمانی بەشی وەرزش بووە، لەنێوان ساڵەکانی ١٩٨٤ بۆ ١٩٩٤ وەکو یاریزان بۆ تیپە میللییەکانى (تیپی وەرزشی سەرچنار، تیپی وەرزشی شەھید ئارام، تیپی وەرزشی سیروان، تیپی وەرزشی بابان) یاریکردووە، ساڵی ١٩٩٦ بووەتە داوەری پلە سێی کوردستان بۆ تۆپی پێ، ساڵی ١٩٩٩ بووەتە داوەری پلە دووی کوردستان، ساڵی ٢٠٠١ بووەتە داوەری پلە یەکی عیراق و کوردستان، لە ساڵەکانی ١٩٩٦ تا ٢٠٠٩ داوەری خولەکانی کوردستان و عیراق بووە، ساڵی ١٩٩٥ تا ١٩٩٦ راھێنەری لاوانی یانەی شارباژێڕ بووە، لە ساڵەکانى ١٩٩٦ تا ١٩٩٧ سکرتێری یانەی وەرزشی خەبات بووە.

ساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠٠٨ لێپرسراوی لاپەڕەی وەرزش بووە لە رۆژنامەی رۆژانەی سلێمانی، ساڵی ٢٠٠٥ بەمەبەستی کاری رۆژنامەوانی وەرزشی، وەکو نوێنەری رۆژنامەی ژیانەوە چووەتە وڵاتی سوریا. ساڵی ٢٠٠٦ سەرنوسەری ھەفتەنامەی (یاریگا سپۆرت) بووە، ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠٠٨ سکرتیری کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی کوردستان بووە، پێش کۆچکردنى لێپرسراوی لاپەڕەی وەرزش بوو لە رۆژنامەی ژیانەوە و سەرپەرشتیاری ھونەری وەرزش بوو لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی.