نوێترین چاوپێکەوتن لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر

نوێترین چاوپێکەوتن لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر
2019-03-20

20172 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ڤینیسیۆسى بەڕازیلى ئاشکرایکردووە پێشتر بەرشەلۆنە گرێبەستێکى گرانترى پێشکەشکردووە، بەڵام ئەو ڕیاڵ مەدریدى هەڵبژاردووە.

لە چاوپێکەوتنێکى تایبەتدا، ڤینیسیۆس جۆنیۆرى هێرشبەرى لاوى یانەى ریاڵ مەدریدى ئیسپانى ئاشکرایدەکات، پێشتر یانەى بەرشەلۆنە گرنگى پێداوە و ئەو گرێبەستەى پێشکەشیکردووە پارەکەى زیاتربووە، بەڵام ئەو یانە باشترینەکەى هەڵبژاردووە، کە ڕیاڵ مەدریدە.

لە بارەى پێکانەکەیەوە، ڤینیسیۆس روونیکردووەتەوە، پێشبینى دەکرێت پێش کۆتایى ئەم وەرزە بگەڕێتەوە یاریگاکان و سبەینێش پشکنینى نوێ دەکات تا بزانێت پێکانەکەى بەچى گەیشتووە.

هێرشبەرە لاوەکە دووپاتیدەکاتەوە لە توانایدا هەیە مەسەلەى گۆڵکردن لە خۆیدا باش بکات و یاریزانەکانیش زۆر یارمەتى دەدەن بەتایبەت کەریم بنزیمە.

بەلاى ڤینیسیۆسەوە، نیمار دا سیلڤا باشترین یاریزانى جیهانە و پێشیوایە لەوانەیە بتوانێت لە تەمەنى ٢٥ بۆ ٢٦ ساڵیدا خەڵاتى تۆپى ئاڵتون بەدەستبهێنێت.

 

زۆربەى قسەکانى ڤینیسیۆس لە چاوپێکەوتنەکەدا:

ڤینیسیۆس: هەموان لێرە پێشبینى دەکەن پێش کۆتایى ئەم وەرزە بگەڕێمەوە بۆ یاریگاکان، بەیانى پشکنین بۆ پێکانەکەم دەکەمەوە تا بزانین بەچى گەیشتووە.

ڤینیسیۆس: کاسمیرۆ و مارسیلۆ پێیانوتم هەموو شتێک لەگەڵ تۆدا خێرا دەڕوات، لە ١٨ ساڵیدا دەستم بە یاریکردن کرد لە ریاڵ مەدریددا.

ڤینیسیۆس: دەمەوێت نازناوەکان بەدەستبهێنم و لەگەڵ باشترین یاریزانەکانى جیهاندا یارى بکەم لێرە لە ڕیاڵ مەدریددا.

ڤینیسیۆس: گوێم نەداوە بە پارەى گرێبەستەکان، بەرشەلۆنە زیاترى دا بەڵام من پرۆژەکەى ڕیاڵ مەدریدم هەڵبژارد.

ڤینیسیۆس: لوپیتیگى راهێنەرێکى باشە، بەڵام لەگەڵ ڕیاڵ مەدریددا سەرکەوتوو نەبوو، من کەسێکى هێمن بووم کاتێک داواى لێکردم لە تیپى کاستیا یارى بکەم، ناخۆشبوو ئەو کاتەى دوورخرایەوە، ئەو یەکەم راهێنەرى من بوو لە ئەوروپادا.

ڤینیسیۆس: تیتى راهێنەرى بەڕازیل پێیوتم کە من شتەکان بە باشى دەکەم و دەبێت هێمن بم لە گەڕانەوە بۆ یاریگاکان لە زووترین کاتدا تا بۆ کوپا ئەمریکا ئامادەبم.

ڤینیسیۆس: پێموایە دەتوانم گۆڵ تۆمارکردن لە خۆمدا باشتر بکەم، من هێشتا ١٨ ساڵم، یاریزانەکان زۆر یارمەتیم دەدەن، بۆ نمونە بنزیمە زۆر یارمەتیدەرمە، هەروەها مارسیلۆ و سۆلاریش یارمەتییاندام.

ڤینیسیۆس: یەکەم جار بەرشەلۆنە گرنگى پێدام، گرێبەستەکەى بەرشەلۆنە پارەکەى زیاتربوو، بەڵام ڕیاڵ مەدریدم هەڵبژارد، باشترینەکەم هەڵبژارد.

ڤینیسیۆس: زیدان راهێنەرێکى تایبەتە.

ڤینیسیۆس: باشترین یاریزان بەلاى منەوە نیمارە، یاریزانێکى خۆشەویستە لەلام، پێکان نەبوایە لە بەڕازیلدا یاریم لەگەڵدا دەکرد، نازانم گەر لە ڕیاڵ مەدریددا یارى لەگەڵ بکەم یان نا.

ڤینیسیۆس: نازانم لە چ تەمەنێکدا تۆپى ئاڵتون بەدەستدەهێنم، لەوانەیە لە ٢٥ بۆ ٢٦ى ساڵیدا بێت.

ڤینیسیۆس: پێموایە بەکارهێنانى ڤار زۆر باش و رازیکەرە، هەموو یاریزان و یانەکان لەگەڵ ڤاردان.

ڤینیسیۆس: خولى باسکەى ئەمریکام خۆشەوێت و هاندەرى هیچ یانەیەکیان نیم، بەڵام لەگەڵ جەیمسى پاشادام.

 

گ . ف