نوێترین چاوپێکەوتنی لیۆنێل میسی یاریزانی بەرشەلۆنە

نوێترین چاوپێکەوتنی لیۆنێل میسی یاریزانی بەرشەلۆنە
2018-12-27

20906 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی چاوپێکەوتنێکی دورودرێژی لەگەڵ رۆژنامەى مارکاى ئیسپانی ئەنجامداوەو باسی چەند پرسێکی جیاوازی کردوە

میسی پێیوایە رکابەری کردنی لەگەڵ رۆناڵدۆ سودی بۆ هاندەران بوەو رەتیشیکردەوە خولی ئیسپانیا جێبهێڵێت و بچێتە خولی ئیتاڵیا

میسی باسی ئەوەش دەکات کە تیاگۆی کوڕی زۆر جار تێبینی پێ دەدات لەسەر تۆپی پێ و ئەمیش گوێی لێدەگرێت بەڵام ماتیۆی کوڕی حەزی بە دانس و مۆسیقایە

ئاماژەى بەوەشداوە کە ئامانجی سەرەکیان لەم وەرزەدا بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنز لیگە

 

سەرجەم وتەکانی میسی لە چاوپێکەوتنەکەى مارکادا

میسی: دیمبلی ئەگەری هەیە ببێتە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهان ئەو یاریزانێکی زۆر لاوە و بەتوانایە ، لە رابردودا هەستی بە هەڵەى خۆی کرد و هەڵەکەشی راست کردەوە، من هەمیشە پشتگیری دەکەم

 

میسی: پێموایە پاریس سانجێرمان پاڵێوراوە بۆ چامپیۆنز لیگ ، لەگەڵ ئەوەى هیچ یارییەکیان نابینم چونکە زۆربەى یارییەکانمان پێکەوەیە ، یۆڤانتۆس یانەیەکی زۆر بەهێزە ، ئێستا زۆر بەهێزتر بوە کە رۆناڵدۆی کڕیوە ، مان سیتیش یارییەکی جوان دەکەن و بایرن میونشنیشمان بیر نەچێت

 

میسی: ماتیۆی کوڕم هەمان سیفاتەکانی ئەنتۆنێلای خێزانمی هەیە ، حەزی لە مۆسیقا و دانسە ، بەڵام تیاگۆ وەک من وایە ، کەسێکی رکابەر و شەرمنە

 

میسی: سەرەتاى وەرز وتم ، چامپیۆنز لیگ ئامانجی سەرەکیمانە ئەم وەرزە ، جوان دەبێت گەر بتوانین بەدەستی بهێنین

 

میسی: دی لیخت و دی یۆنگ لە ئەکادیمیایەکی باش یاریی دەکەن، هەمان فەلسەفەیان هەیە کە ئێمە هەمانە ، دوو یاریزانی لاو و بەهرەدارن

 

میسی: هیچ خەونێک نییە کە قورس بێت بەدی هێنانی

 

میسی: من ئێستا هەوڵ بۆ باشبونم دەدەم لە لێدانی سزا ، هەموو شتێک دەکەم لە راهێنانەکان، سەیری ڤیدیۆ دەکەمەوە سەیری ئەوە دەکەم بزانم چۆن گۆڵچییەکان لێدانە سزاکان دەگەرێننەوە

 

میسی: لێدانی راستەوخۆ لەگەڵ لێدانی سزا جیاوازە ، لەکاتی لێدانی راستەوخۆدا هەمان ئەو فشارەو لەسەر نیە کە لە لێدانی سزا لەسەرتە، بەتایبەت لەکاتی لەدەستدانی

 

میسی: کاتێک بە شێوازی چوار چوار دوو یاریی دەکەین باشترین لە روی بەرگرییەوە و تیپی بەرامبەر کەمتر زیانمان پێ دەگەیەنن، بەڵام ئێمەش کەمتر دەتوانین گۆڵ بکەین، بەڵام شێوازی چوار سێ سێ زۆرتر دەتوانین گۆڵ بکەین، بەڵام لە هێرشی هەڵگەراوە توشی زیان دەبین

 

میسی: لیگا وەک پێشتر نەماوە، خاڵی زیاتر لەدەست دەدەین، بەهێزتر بوە و بەدەستهێنانی قورستر بوە

 

میسی: هەمیشە دەیانوت لالیگا هی دوو تیپە بەرشەلۆنە و ریاڵ مەدرید، بەڵام گەر سەیری زۆربەى خولەکانی تر بکەیت رکابەرییەکە لە نێوان دوو تیپە و ئەوانی تر وەک ئەوەیە لەخولێکی تر یاریی بکەن

 

میسی: سەرەتاى وەرز وتم ریاڵ هەمیشە یەکێک بوە لە باشترین یانەکانی جیهان ، بەڵام رۆیشتنی رۆناڵدۆ زیان بە هەموو تیپێک دەگەیەنێت، چونکە ئەو ژمارەیەکی زۆر گۆڵی بۆ دەکردن، بەڵام ئێستاش ریاڵ هێشتا یەکێکە لە یانە باشەکانی جیهان

 

میسی: پێموایە سیستمی بەکارهێنانی ڤار ئێستا زۆر گرنگ بوە لەگەڵ ئەوەى سەرەتا وامدەزانی کە یارییەکە ناخۆش دەکات

 

میسی: تیاگۆ سەیری تۆپی پێ دەکات و ئەنجامەکانم لێدەپرسێت و سەیری خولەکانیش دەکات، کاتێکیش ئەنجامەکانمان باش نابێت یەت بۆلام و قسەم لەگەل دەکات، هەندێ رەخنەشی لێگرتوم (بەپێکەنینەوە)

 

میسی: گرنگ نیە بەلامەوە تیاگۆ دەبێت بە یاریزان یان نا تەنها دەمەوێت دڵخۆش بێت

 

میسی: من پێویستم بە گۆڕانکاری نییە ، من لە ماڵەکەی خۆمم لە باشترین یانەی جیهان ، لێرە سەرکێشی نوێ و شتی نوێ ساڵ دوای ساڵ ڕودەدەن ، من پێویستم بە یانەیەکی نوێ و خولێکی نوێ نییە من لێرەم لە باشترین یانەی جیهان

 

میسی: من و ئەنتۆنێلا دەمانەوێت کچێکمان هەبێت ، بزانین چی ئەبێت و چاوەرێ دەکەین هێشتا زوە

 

میسی: کاتێک بوم بە باوک، ئێستا گرنگترین شت خێزانەکەمە ، تۆپی پێم خۆش دەوێت ، لە پێناو تۆپی پێ دەژیم، بەڵام خێزانەکەم لە پێش هەموو شتێکەوەیە

 

میسی: گەڕانەوەى نەیمار بۆ بەرشەلۆنە تۆزێ قورس بوە ، هەمومان حەزدەکەین بگەڕێتەوە، ئێمە هێشتا هاوڕێین، رۆژی زۆر خۆشمان بەڕێکرد پێکەوە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەڕانەوەى بە قورس دەبینم ، چونکە پاریس سانجێرمان رێگە نادات بڕوات.

 

میسی: ئەمەوێت جارێکی تر کار لەگەڵ گواردیۆلا بکەمەوە ، ئەو یەکێکە لە باشترین ڕاهێنەرەکانی جیهان

 

میسی: من دەمزانی کە ئەم وەرزە هیچ هەڵێکم نیە بۆ ئەوەى ببمە باشترین یاریزانی جیهان ، گوێم لە پاڵێوراوەکان بو دەشمزانی منی تیا نیم ، چاوەرێی سێیەم و چوارەمیشم نەدەکرد