کۆنتی: ئامادەم بچمە ناو ئاگرەوە لەپێناو یاریزانەکانم

کۆنتی: ئامادەم بچمە ناو ئاگرەوە لەپێناو یاریزانەکانم
2021-04-11

595 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کۆنتی ڕایگەیاند بردنەوە لە هەر یاریەکدا وەک بەدەستهێنانی شەش خاڵ وایە و ئامادەشە بچێتە ناو ئاگرەوە لە پێناو یاریزانەکانی.

دوای بردنەوەی یانەکەی لە یانەی کالیاری، ئەنتۆنیۆ کۆنتی ڕاهێنەری ئینتەرمیلان رایگەیاند کە دڵخۆشە بەو ئاستەی یاریزانەکانی پێشکەشی دەکەن و بردنەوەش لە هەر یاریەکدا وەک بەدەستهێنانی شەش خاڵە بۆ یانەکەی.

کۆنتی وتی: وای دانانێم برایەکی گەورەی یاریزانەکانم بم، بەڵام لە هەندێک کاتدا سەری یاریزانەکانم ماچدەکەم و ئامادەشم لە پێناوی ئەواندا بچم ناو ئاگرەوە چونکە شایستەن.

وتیشی: ئێستا یاری کەمتر ئەنجامدەدەین و ڕۆژێک پشوو بە یاریزانەکان و خۆشم دەدەم، دوێنی میلان بردنەوەی بەدەستهێنا دەبوو ئێمەش بیبەینەوە بۆ ئەوەی جیاوازیەکەی نێوانمان وەک خۆێ بهێڵینەوە و ئەوەشمان ئەنجامدا.

دەشڵێت، ژمارەیەک لە یاریزانەکانم هیچ کاتێک ئەوەندەی ئێستا فشاریان لەسەر نەبوە بە دڵنیاییشەوە من زۆر لێیان ڕازیم و لە ماوی دوو وەرزی رابردووشدا ئاستیان زۆر بەرەوپێش چووە، بردنەوەم خۆش دەوێت و ئەو بیرۆکەیەشم گواستۆتەوە بۆ عەقڵیەتی یاریزانەکانم.

ئاماژەی بەوەشدا، یۆڤانتۆس لە چەند وەرزی رابردوودا باڵادەستی خۆی سەپاندبوو بەسەر خولی ئیتاڵیدا بەڵام ئێمە لەماوی وەرز و نیوێکدا توانیمان کارە گەورەکە ئەنجامبدەین ئەوەش بە هۆی هەوڵە باشەکانی یاریزانەکانی یانەکەمەوەیە و پێویستە گرنگیەکی زۆریان پێبدرێت و بۆ وەرزی داهاتووش خوێندنەوەی زیاتر دەکەین بۆ خولەکانی ئەوروپا.

خ . ک