زۆربەى پێشبڕکێکانى تۆپى پێ لە فەڕەنسا ڕاگیران

زۆربەى پێشبڕکێکانى تۆپى پێ لە فەڕەنسا ڕاگیران
2020-10-29

1259 جار خوێندراوەتەوە

+ -

زۆربەى خول و جامەکانى تۆپى پێ لە فەڕەنسا بەهۆى شەپۆلى دووەەمى ڤایرۆسى کۆرۆناوە بۆ ماوەى زیاتر لە مانگێک ڕاگیران.

یەکێتى تۆپى پێى فەڕەنسا لە ڕاگەیەندراوێکى فەرمیدا ئاشکرایکرد، زۆربەى پێشبڕکێکانى سەر بە یەکێتییەکەى تا کانونى دووەمى داهاتوو ڕادەگرێت، ئەمەش دواى ڕاگەیەندراوەکەى سەرۆکى فەڕەنسایە لەسەر ڕێوشوێنەکانى بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا.

یەکێتى فەڕەنسا لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت "بێجگە لە خولى پلە یەکى کوڕان و کچان و فوتساڵ، سەرجەم چالاکیەکانى تۆپى پێ دوادەخرێن و دواتر و لە کاتى گونجاودا کاتى یارییەکان دیاریدەکەینەوە".

یەکێتییەکە دووپاتیکردووەتەوە، یارییەکانى خولى پلە یەکى کوڕان و کچان و فوتساڵیش بەبێ ئامادەبوونى هاندەران بەڕێوەدەچن و یارییەکانى هەڵبژاردەى کوڕان و کچان و لاوانى فەڕەنساش لە کاتى خۆیاندا دەکرێن و دەشڵێت "پێویستە لەسەر دونیاى تۆپى پێ بەشدارى بکات لە هەوڵى بەکۆمەڵى بەرەنگاربوونەوەى شەپۆلى دووەمى ڤایرۆسى کۆرۆنا".

 

گ . ف