فەرمى.. ئینتەر میلان گواستنەوەى حەکیمى ڕاگەیاند

فەرمى.. ئینتەر میلان گواستنەوەى حەکیمى ڕاگەیاند
2020-07-02

3429 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەفەرمى ئینتەر میلان و ڕیاڵ مەدرید گواستنەوەى ئەشرەف حەکیمییان تا ٢٠٢٥ بۆ ڕیزەکانى ئینتەر ڕاگەیاند.

ئینتەر میلانى ئیتاڵى لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بۆ پێنج ساڵ و تا ٣٠ى حوزەیرانى ٢٠٢٥ گرێبەستى لەگەڵ ئەشرەف حەکیمى مەغریبى بەرگریکارى یانەى ڕیاڵ مەدریدى ئیسپانى ئیمزاکردووە، کە بەخواستن لە یانەى دۆرتمۆندى ئەڵمانیدا یارى دەکرد.

یانەى ڕیاڵ مەدریدى ئیسپانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کردووە، لەگەڵ ئینتەر گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر گواستنەوەى حەکیمى بۆ یانە ئیتاڵیەکە.

ڕیاڵ سوپاسى حەکیمى کردووە بۆ ئەو ماوەیەى لە تیپەکانیدا بووە، لەو کاتەوەى لە ٢٠٠٦دا پەیوەندى بە ئەکادیمیاى یانەکەیانەوە کردووە، هیواى سەرکەوتنى بۆ دەخوازێت لە قۆناغى داهاتوویدا.

هەردوو یانەى بڕى گرێبەستەکەیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام بەپێى ڕاگەیاندنەکان ٤٠ ملیۆن یۆرۆیە، لەگەڵ پێنج ملیۆن گۆڕانکارى، موچەى ساڵانەى یاریزانەکەش پێنج ملیۆن یۆرۆ دەبێت.

حەکیمى ٢١ ساڵ، لە هاوینى ٢٠١٨دا بۆ دوو وەرز و بە خواستن لە ڕیاڵ مەدریدەوە پەیوەندى بە دۆرتمۆندەوە کرد و ئاستێکى خەیاڵى لە یانە ئەڵمانیەکەدا پێشکەش کرد.

 

گ . ف