ساندرۆ دەگەڕێتەوە و بوفۆنیش بەنیازى ژمارەیەکى پێوانەییە

ساندرۆ دەگەڕێتەوە و بوفۆنیش بەنیازى ژمارەیەکى پێوانەییە
2020-07-02

721 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ساندرۆ بۆ یارى داهاتوو دەگەڕێتەوە و بوفۆنیش دەیەوێت ژمارەیەکى پێوانەیى لە خولى ئیتاڵیادا تۆماربکات.

ڕۆژنامەى تۆتۆ سپۆرتى ئیتاڵى بڵاویکردەوە، ئەلێکس ساندرۆى بەڕازیلى بەرگریکارى یۆڤانتۆس لە چاکبوونەوەى پێکانەکەى نزیکبووەتەوە و لە پێکهاتەى تیپەکەیدا دەبێت بۆ یارى دێربى بەرامبەر تۆرینۆ لە هەفتەى ٣٠ى خولى ئیتاڵیادا، کە شەممەى داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

ڕۆژنامەکە ئاماژەى بەوە کردووە، ساندرۆ، کە لە یارى کۆتایى جامى ئیتاڵیا توشى پێکان بوو، زوتر لە ماوەى خۆى دەگەڕێتەوە و دەستى کردووە بە چارەسەرى سروشتى.

لەلایەکى ترەوە، تۆتۆ سپۆرت باسى لەوە کردووە، جیانلویجى بوفۆنى گۆڵچى خانە پیرەکە دەیەوێت بەشدارى دێربى بکات و ناوى خۆى لە مێژووى سێریا ئەیدا بنوسێتەوە.

ڕۆژنامەکە ڕوونیکردووەتەوە، بوفۆن بە بەشداریکردنى ژمارەى یارییەکانى لە خولى ئیتاڵیادا بۆ ٦٤٨ یارى زیاددەکات و ژمارە پێوانەییەکەى پاوڵۆ ماڵدینى لەگەڵ ئەى سى میلاندا دەشکێنێت.

بوفۆنى ٤٢ ساڵ لە ١٩٩٥وە سەرکێشییەکانى لە خولى ئیتاڵیادا دەستپێکردووە و تەنیا یەک وەرز دابڕاوە، کە لە وەرزى ڕابردوودا پەیوەندى بە پاریس سان جێرمانەوە کرد و دواتر هاوینى ڕابردوو گەڕایەوە و ئێستاش گرێبەستەکەى بۆ وەرزی داهاتوو نوێکردووەتەوە.

 

گ . ف