کۆنفرانسى ڕاهێنەرى ڕیاڵ مەدرید پێش یارییەکەى خیتافى

کۆنفرانسى ڕاهێنەرى ڕیاڵ مەدرید پێش یارییەکەى خیتافى
2020-07-01

11744 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ڕاهێنەرى ڕیاڵ مەدرید پێیوایە شەش یارى کۆتایى چاوەڕێیان دەکەن و تیپەکەشى بۆ یارییەکەى بەرامبەر خیتافى ئامادەیە.

زەینەدین زیدانى ڕاهێنەرى ڕیاڵ مەدرید لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا پێش یارییەکەى سبەینێى بەرامبەر خیتافى لە خولى ئیسپانیا، ئاماژەى بەوە کرد، زۆر دڵخۆشە و شانازى بە یاریزانەکانیەوە دەکات، پێشیوایە شەش یارى کۆتایى چاوەڕێیان دەکەن، کە یەکەمیان ئەوەى خیتافییە.

زیدان دەڵێت "پێویستە بەرزترین ئاستى خۆمان پێشکەش بکەین بۆ بردنەوە، ڕاستە بە ماوەیەکى باشدا تێدەپەڕین، بەڵام ئەمە هیچ شتێک ناگەیەنێت، ئەوەشى پێى هەڵدەستم تەنیا ئامادەکارییە بۆ یارییەکانى داهاتوو".

زیدان ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجیان بردنەوەى سەرجەم یارییەکانە، بەڵام کەس نازانێت چى ڕوودەدات و تەنیا بە جیاوازى خاڵێک لە پێشەوەن و هێشتا هیچ شتێک یەکلانەبووەتەوە.

زیدان پێیوایە بردنەوەش لە خیتافى نازناوەکەیان بۆ یەکلاناکاتەوە و دەشڵێت "دەبێت بەهەمان گڕوتینەوە بەردەوامبین و خیتافیش نێچیرێکى ئاسان نییە، بەڵام هەوڵى بردنەوە دەدەین، لە هەمان کاتدا ڕکابەرەکەشمان هەوڵى بردنەوەى یارییەکانى دەدات و جارێک هیچ شتێک یەکلانەبووەتەوە و لە کارکردنین ناوەستین".

 

گ . ف