سەردێڕ:

سەرۆکی هەرێم: نەوەی تازەی عێراق دروشمی بێ ناوەڕۆکی قبووڵ نییە

فۆتۆ: 
2021-04-23

3370 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نه‌وه‌یه‌كى تازه‌ له‌ عێراق دروست بووه‌ و چیتر دروشمى بێ ناوه‌ڕۆكیان له‌ سیاسییه‌كانى وڵات قبووڵ نییه‌.


نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییەدا کە شەوی رابردوو پەخشکرا باسی لەوەشکرد، نه‌وه‌ی ئێستای عێراق نه‌وه‌ی پێش ١٠‌ ساڵ نییه‌، ئه‌وه‌ی ساڵی ٢٠٠٣ له‌ دایكبووه‌، ئێستا ته‌مه‌نی ١٨ ساڵه‌ و ئه‌وه‌ خۆی له‌ خۆیدا ئێستا ئاماده‌یه‌ بۆ گۆڕانكاریی.

نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت، گه‌لی عێراق مومكین نییه‌ هه‌ر دروشمى بێ ناوه‌ڕۆک له‌ سیاسییه‌كانی عێراقی قبووڵ بكات و ژیانی ده‌وێت، كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غداش به‌شێكن له‌و سه‌قامگیرییه‌ سیاسییه‌ی كه‌ عێراق ده‌بێت به‌خۆیه‌وه‌ بیبینێت.

نێچیرڤان بارزانى ئاماژەی بەوەشکرد، ده‌بێت هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كان لێكگه‌یشتن و روانگه‌یه‌كى هاوبه‌شیان بۆ داهاتووى عێراق هه‌بێت و سوود له‌ هه‌ڵه‌كانى رابردوو وه‌ربگرن.

لە دوای روخانی دەسەڵاتی سەدام حسێنەوە لە ساڵێ ٢٠٠٣ـەوە دەسەڵاتێکی سیاسی نوێ لە عێراقدا دروستبووە، بەڵام لەمساڵانەی دواییدا لە هەرێم و عێراقیش چەندین جار خۆپیشاندان بەڕێوەچووە و گەنجان داوای هەلی کار و خزمەتگوزاری زیاتر دەکەن و دەڵێن، بەڵێنی سیاسییەکان بەس نییە و دەبێت بە کردار وڵات پێش بخرێت.