سەردێڕ:

شانەی ئەمنی عێراق لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2021-04-23

3727 جار خوێندراوەتەوە

لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر فڕۆکەخانەی بەغدا، شانە راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، ئەو هێرشانە لەلایەن گروپێکی لادەر و بەئامانجی سەرقاڵکردنی هێزەکانیان بووە، چونکە هێزەکانیان سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنێکی دژ بە چەکدارانی داعش بوون.


ئەمڕۆ هەینی، لەراگەیەندراوێکیدا شانەى راگەیاندنى ئەمنى عێراقی باسی لەوەکرد، لەهێرشەکەی شەوی رابردوودا، هەشت مووشەک ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کران و سێ مووشەکیان لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە کەوتوونەتە خوارەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، موشەکێکیان لە نزیک زیندانى ناوەندی کەرخ و یەکێکى تریان لە نزیک ئەکادیمیاى دژە تیرۆر و، سێهەم موشەکیش لە نزیک بارەگاى یەکێک لە هێزەکانی هاتنەناوەوەى خێرا کەوتوونەتە خوارەوە.

شانەی ئەمنی عێراقی لەراگەیەندراوەکەیدا باسی لەوەشکردووە، جگە لە زیانە مادییەکان، هیچ زیانێکی گیانی بەهۆی ئەو هێرشە نەکەوتوەتەوە و هاوکات، دەست بەسەر تەواوی ئەو موشەکانەی کە نەتەقێندرابوونەوە لەسەر بانی یەکێک لە ماڵە چۆڵەکانی ناوچەکە.

  پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، پێش کاتژمێر ١٢ی شەوی رابردوو چەند مووشەکێک ئاڕاستەی فرۆکەخانەی بەغدا کراوە و تیایدا بنکەی سەربازی ڤیکتۆریا لەناو فڕۆکەخانەکەدا کراوەتە ئامانج.

 

هێرشەکردنە سەر دامەزراوە حکومیی و شوێنە دیبلۆماسییەکان لە عێراق، چەندین جارە روودەدەن و تیایدا زۆربەی کات ئەو شوێنانە دەکرێنە ئامانج کە نێردە بیانییەکان و بەتایبەتیش هێزەکانی ئەمریکای تێدایە.