سەردێڕ:

وڵاتە زلهێزەکان ئیدانەی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکەن

فۆتۆ: 
2021-04-16

3662 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕە جیهانیەکان راگەیەنراوێکی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و فەرەنسایان بڵاوکردەوە و تیایدا ئەو وڵاتانە ئیدانەی هێرشەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو دەکەن.


لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەیان بەوەکردووە، حکومەتەکانیان پاڵپشتی حکومەتی عێراقی دەکات بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بەرپرسی ئەو هیرشەن.

لەو بارەیەشەوە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، "ئێمە، حکومەتەکانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و شانشینی یەکگرتوو و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە توندترین شێوە ئیدانەی ھێرشەکانی ١٤ی ئەم مانگە دەکەین کە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدران."

ئەوەش هاتووە، "پێکەوە لە رێی حکومەتەکانمانەوە پشتیوانی لە لێکۆلینەوەکانی حکومەتی عێراق دەکەین لە بارەی ھێرشەکان بۆ دڵنییایدان کە ئەوانەی ھێرشەکانیان ئەنجامداوە بەرپرسیار دەبن لە بەرامبەر کارەکانیاندا، ئێمە لە تێروانینمان یەکگرتووین لەسەر ئەوەی کە ھێرشکردنە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ھاوپەیمانان و دامودەزگاکان قبوڵ ناکرێت و دووبارە جەخت لە پابەندبوونی نەگۆری خۆمان لە جەنگان دژی داعش دەکەینەوە."

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لەرێگەی فرۆکەی بیفرۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر فرۆکەخانەی نیودەوڵەتی هەولێر.

هەتاوەکو ئیستا هیچ لایەنیک بەرپرسیارێتی خۆی لەهیرشەکەی سەر فرۆکەخانەی هەولێر رانەگەیاندووە.

رۆژی ١٥ی شوباتی ئەمساڵیش، ژمارەیەک موشەک ئاڕاستەی شاری هەولێری پایتەختی هەرێم کران و تیایدا نزیکەی هەشت کەس برینداربوون و کەسێکیش گیانی لەدەستدا، کە ئەوەش کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

رۆژی ١٢ی ئەم مانگەش، ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم دانپێدانانى چەند کەسێکى بڵاوکردەوە و باسی لەوەدەکرد، ئەو کەسانە ئەندامی داعش بوون و بە نیازبوون بە بۆمبى چێنراو و دەمانچەى بێدەنگ لە هەولێر چەند هێرشێک ئەنجامبدەن.

هاوکات، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هێزە ئەمنییەكانمان سەرکەوتووانە پلانێکی تیرۆرستانی داعشیان لە هەولێر پوچه‌ڵكرده‌وه‌، كه‌ له‌ سوریاوه‌ پیلانەکە رێکخراوه‌ و ئاڕاستەکراوه." 

مەسرور بارزانی باسی لەوەشکردبوو، "داوا لە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان دەکەم کە مەترسییەکانی ئەم هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە  بە ھەند وەربگرن."