سەردێڕ:

بریندارەکەی شەڕە تەقەکەی چوارقوڕنە گیانی لەدەستدا

فۆتۆ: 
2021-04-16

11574 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە نزیک پێشانگای ئۆتۆمبێلەکان لە چوارقوڕنە رووداوێکی تەقەکردن روویداوە و کەسێک گیانی لەدەستدا.


باخان تۆفیق پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە رانیە رایگەیاند، لە چوارقوڕنە رووداوێکی تەقەکردن روویداوە و سێ کەس کەسێکی دیکەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللـە.

وتیشی، ئەو کەسەی تەقەکانی لێکراوە لە سەرەتادا بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانە، بەڵام دواتر گیانی لەدەستدا.

لەو بارەیەشەوە شۆڕش ئیسماعیل وتبێژی پۆلیسی راپەڕین بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "لە ئێستادا مەفرەزەکان لە شوێنی رووداوەکەن و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و بەردەوامە."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆش لە هەولێر ژنێک بە شەش فیشەک لەلایەن هاوسەرەکەی کوژرا کە دایکی سێ منداڵە.

هەر لە ٧ی ئەم مانگەدا و نزیکەی حەفتەیەک بەر لە ئێستا، رووداوێکی تەقەکردن لە هەولێر لە نزیک ئەنجومەنی وەزیران روویدا، کە چوار کەس لە تەقەکردنەکەدا بەشداربوون و بەهۆیەوە دوو کەسیش بریندار بوون، هاوکات، یەکێک لەو کەسانەی تەقەی کردووە جلی هێزە ئەمنییەکانی لەبەردا بووە.

ئاستی رووداوی تەقەکردن تاڕادەیەک لە کوردستاندا بەرزە و هاوڵاتیانیش نیگەرانی ئەوەن، کە چەک لای کەسانی ئاسایی هەیە و هەندێک کەسیش بەبێ مۆڵەت چەک هەڵدەگرن، بۆ ئەو دۆخەش، حکومەت و لایەنە ئەمنییەکان بە کەمتەرخەم و بەرپرسیار دەزانن.