سەردێڕ:

لێدوانی پارێزگاری هەولێر لەبارەی هێرشە موشەکییەکەی ئەمشەوی هەولێر

فۆتۆ: 
2021-04-15

2415 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری هەولێر راگەیاند، ئەو رووداوەی ئەمشەو کاریگەری لەسەر دۆخی ئەمنی ناکات و هەموو ئەو بازگانەشی هەیە پەیوەندی بە رێکارەکانی خۆپارێزی کۆرۆناوە هەیە.


ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر باسی لەوەشکرد، هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانە و ئەو رووداوانە لە گەورەیی هەولێر کەمناکاتەوە، دەشڵێت، "لە ئایندەیەکی نزیکدا دەزگا ئەمنییەکان هەموو روونکردنەوەیەک لەبارەی هێرشەکەوە دەخەنەڕوو".

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمشەو، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بیسترا و دەژەتیرۆری کوردستانیش وتبووی، "موشەکێک ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کرا."

رۆژی ١٥ی شوباتی ئەمساڵیش، ژمارەیەک موشەک ئاڕاستەی شاری هەولێری پایتەختی هەرێم کران و تیایدا نزیکەی هەشت کەس بریندار بوون و کەسێکیش گیانی لەدەستدا، کە ئەوەش کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

رۆژی ١٢ی ئەم مانگەش، ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم دانپێدانانى چەند کەسێکى بڵاوکردەوە و باسی لەوەدەکرد، ئەو کەسانە ئەندامی داعش بوون و بە نیازبوون بە بۆمبى چێنراو و دەمانچەى بێدەنگ لە هەولێر چەند هێرشێک ئەنجامبدەن.

هاوکات، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هێزە ئەمنییەكانمان سەرکەوتووانە پلانێکی تیرۆرستانی داعشیان لە هەولێر پوچه‌ڵكرده‌وه‌، كه‌ له‌ سوریاوه‌ پیلانەکە رێکخراوه‌ و ئاڕاستەکراوه."  

مەسرور بارزانی باسی لەوەشکردبوو، "داوا لە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان دەکەم کە مەترسییەکانی ئەم هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە  بە ھەند وەربگرن."