سەردێڕ:

هۆشیار زێباری: رووداوەکەی ئەمشەو هەڵکشانێکی مەترسیداری هێرشەکانە

فۆتۆ: 
2021-04-14

17500 جار خوێندراوەتەوە

هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە تویتەر بڵاویکردەوە، "هێرشێکی دیکەی تیرۆرستی کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و پێدەچێت هەمان ئەو میلیشیایانەی دوو مانگ لەمەوپێش هێرشیان کردە سەر هەولێر هەر ئەوان ئەم هێرشەیان ئەنجامدابێت."


ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەمەی روویداوە هەڵکشانێکی روون و مەترسیداری هێرشەکانە."

ئەمشەو، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بیسترا و دەژەتیرۆری کوردستانیش وتبووی، "موشەکێک ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کرا."

رۆژی ١٥ی شوباتی ئەمساڵیش، ژمارەیەک موشەک ئاڕاستەی شاری هەولێری پایتەختی هەرێم کران و تیایدا نزیکەی هەشت کەس بریندار بوون و کەسێکیش گیانی لەدەستدا، کە ئەوەش کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

رۆژی ١٢ی ئەم مانگەش، ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم دانپێدانانى چەند کەسێکى بڵاوکردەوە و باسی لەوەدەکرد، ئەو کەسانە ئەندامی داعش بوون و بە نیازبوون بە بۆمبى چێنراو و دەمانچەى بێدەنگ لە هەولێر چەند هێرشێک ئەنجامبدەن.

هاوکات، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هێزە ئەمنییەكانمان سەرکەوتووانە پلانێکی تیرۆرستانی داعشیان لە هەولێر پوچه‌ڵكرده‌وه‌، كه‌ له‌ سوریاوه‌ پیلانەکە رێکخراوه‌ و ئاڕاستەکراوه."  

مەسرور بارزانی باسی لەوەشکردبوو، "داوا لە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان دەکەم کە مەترسییەکانی ئەم هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە  بە ھەند وەربگرن."