سەردێڕ:

سێ موشەک ئاڕاستەی ناحیەی زێلکانە کرا

فۆتۆ: 
2021-04-14

15871 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە ناحیەی زێلکانەی سەر بە قەزای شێخان سێ موشەک ئاڕاستەی بنکەیەکی سەربازی تورکیا کراوە.


سەباح سۆفی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی راشیگەیاند، هەر بەهۆی هێرشەکەوە منداڵێک بریندار بووە.

ئەمشەو، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بیسترا و دەژەتیرۆری کوردستانیش وتبووی، "موشەکێک ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کرا."

رۆژی ١٥ی شوباتی ئەمساڵیش، ژمارەیەک موشەک ئاڕاستەی شاری هەولێری پایتەختی هەرێم کران و تیایدا نزیکەی هەشت کەس بریندار بوون و کەسێکیش گیانی لەدەستدا، کە ئەوەش کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

رۆژی ١٢ی ئەم مانگەش، ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم دانپێدانانى چەند کەسێکى بڵاوکردەوە و باسی لەوەدەکرد، ئەو کەسانە ئەندامی داعش بوون و بە نیازبوون بە بۆمبى چێنراو و دەمانچەى بێدەنگ لە هەولێر چەند هێرشێک ئەنجامبدەن.

هاوکات، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هێزە ئەمنییەكانمان سەرکەوتووانە پلانێکی تیرۆرستانی داعشیان لە هەولێر پوچه‌ڵكرده‌وه‌، كه‌ له‌ سوریاوه‌ پیلانەکە رێکخراوه‌ و ئاڕاستەکراوه."  

مەسرور بارزانی باسی لەوەشکردبوو، "داوا لە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان دەکەم کە مەترسییەکانی ئەم هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە  بە ھەند وەربگرن."