سەردێڕ:

واشنتن بە بەهای ٢٣ ملیار دۆلار فڕۆکە و کەلوپەلی سەربازی بە ئیمارات دەفرۆشێت

فۆتۆ: 
2021-04-14

937 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئیدارەی بایدن بە بەهای ٢٣ ملیار دۆلار، فڕۆکەی ئێف ٣٥ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەلوپەلی سەربازی بە ئیمارات دەفرۆشێت.


ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری راوێژکارانی باڵای کۆشکی سپییەوە باسی لەوەکردووە، ئیدارەی بایدن کۆنگرێسی ئەمریکای لە رێککەوتننامەیەکی فرۆشتنی چەک و کەلوپەلی سەربازی بە ئیمارات ئاگادارکردووەتەوە.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئەمریکا لە پاکێجێکی سەربازی فرۆشتنی چەکدا، چەک و کەلوپەلە سەربازییەکانیش، وەک بەرهەمەکانی جەنەراڵ ئۆتۆمیکس، تەکنۆلۆژیای رایتۆن و لۆکهید مارتن بە ئیمارات دەفرۆشێت.

هاوکات، ٥٠ فڕۆکەی ئێف ٣٥ و ١٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جۆری MQ-9B و فڕۆکەی ئاسمان بە ئاسمان و ئاسمان بە زەویش لەخۆدەگرێت.

لەلایەکی تریشەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو، وڵاتەکەی پێشبینی دیالۆگێکی جددی و گرنگ لە نێوان ئەمریکا و ئیماراتدا دەکات، تایبەت بە کاری هاوبەشێتی و سەقامگیرییەتی ئەمنی.