سەردێڕ:

عێراق پلەی یەکەمی گرتووە لە هاوردەکردنی دۆشاوی تەماتەی تورکی

فۆتۆ: 
2021-04-14

2260 جار خوێندراوەتەوە

پەیوەندی هەناردەکارانی دەریای ئیجە لە تورکیا رایگەیاند، عێراق پلەی یەکەمی گرتووە لە هاوردەکردنی دۆشاوی تەماتەی تورکی، هاوکات، لە سێ مانگی رابردوو بە بەهای زیاتر لە ٢٥ ملیۆن دۆلار دۆشاوی تەماتەی هاوردەکردووە.


پەیوەندی هەناردەکارانی دەریای ئیجە لە تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەم تاوەکو کۆتایی مانگی ئازاری ٢٠٢١ دۆشاوی تەماتەی بە بەهای ٤٠ ملیۆن دۆلار بۆ ٩٠ وڵات لەسەر تاسەری جیهاندا هەناردەکردووە.

ئەوەشی خستەوەتەڕوو، عێراق بە پلەی یەکەم دێت لە ریزبەندی هاوردەکردنی دۆشاوی تەماتەی تورکی، ئەڵمانیا بە بەهای دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار بە پلەی دووەم و یابان بە بەهای یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلار بە پلەی سێەم دێن و ئیتاڵیاش بڕی هاوردەکردنی دۆشاوی تەماتەی بە بەهای ٩٥ هەزار دۆلاری بۆ یەک ملیۆن و ٦٦٤ هەزار دۆلار بەرزکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، تورکیا لەمساڵدا بڕی سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تۆن تەماتەی بەرهەمهێناوە و لەو بڕەش دوو ملیۆن و ٩٠٠ هەزار تۆنی کراوە بە دۆشاو و ئەو بڕەی دیکەشی ماوەتەوە لەناوخۆ بەکارهێنراوە.

عێراق بازارێکی گرنگی ساغکردنەوەی بەرهەمە تورکییەکانە، هەر لە ماددە خۆراکییە جۆراوجۆرەکانەوە تا مۆبیلیاتی ناو ماڵ و جلوبەرگ و پێداویستیەکانی ژیانی رۆژانە.