سەردێڕ:

حکومەت داواکاری گوندێک کە خاوەنی ٤٠٠ ئەنفالن رەتدەکاتەوە

فۆتۆ: 
2021-04-14

4130 جار خوێندراوەتەوە

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان لەسەر کەیسی ئەنفال، ئەبوبەکر هەڵەدنی رایگەیاند:"گوندێک لە سنوری چەمچەماڵ کە خاوەنی ٤٠٠ ئەنفالە، داوایان لە حکومەت کردووە بڕی ٤ ملیۆن دیناریان پێبدات بۆ پرۆژەیەک، بەڵام حکومەت ڕەتی کردووەتەوە".


ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" ئەمرۆ لە ساڵیادی ئەنفالدا دەبوو سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی ئامادەبوونایە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە پەیامی کەسوکاری ئەنفالکراویان پێ بگەیەنین".

وتیشی، "گوندی جەلەمۆرد لە چەمچەماڵ کە خاوەنی ٤٠٠ شەهیدی ئەنفالە، بۆ پرۆژەیەک داوای ٤ ملیۆن دیناریان لە حکومەت کردووە، بەڵام حکومەت پێی ووتون لە تواناماندا نییە ئەو بڕە پارەیە دابین بکەین".

ئەمڕۆ ١٤ی نیسان لەساڵیادی ئەنفالدا دانیشتنی پەرلەمان تایبەتکرابوو بەو یادە، بەڵام بۆ جاری دووەم رێگری لە کازم فارووق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ کرا بەشداری دانیشتنەکان بکات و دواتر فراکسیۆنی نەوەی نوێ بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.

لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیشدا کاوە عەبدولقادر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند، یەکێتی و پارتی ئەزمونی ئەنفالیان کردووەتە موڵکی خۆیان و بە ئارەزووی خۆیان پەرلەمان دەکەنەوە و دایدەخەن و بڕیار دەدەن و پەرلەمانتاران دەردەکەن.