سەردێڕ:

فراکسیۆنی نەوەی نوێ بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی کرد

فۆتۆ: 
2021-04-14

5079 جار خوێندراوەتەوە

فراکسیۆنی نەوەی نوێ بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لەوبارەیەشەوە کاوە عەبدولقادر رایگەیاند، یەکێتی و پارتی ئەزمونی ئەنفالیان کردووەتە موڵکی خۆیان و بە ئارەزووی خۆیان پەرلەمان دەکەنەوە و دایدەخەن و بڕیار دەدەن و پەرلەمانتاران دەردەکەن.


پاش بایکۆتکردنی دانیشتنەکە، کاوە عەبدولقادر ئەندامی پەرلەمان لە فراکسیۆنی نەوە نوێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ٢٥٨ کەس ناویان هەیە کە دەستیان لە ئەنفالکردنی خەڵکی کوردستان هەبووە، بەڵام ئێستا ئەو کەسانە موچەیان لە موچەی کەسوکاری ئەنفال زیاترە، بەڵام ئەو کەسانەی کە بەرگری لە کەس و کاری ئەنفالکراوان دەکەن رێگریان لێ دەکرێت کە قسە بکەن و داواى مافی هاوڵاتیان بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، وەکو فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەسەر ناڕەزایەتییەکانمان بەردەوام دەبین و هەڵوێستی خۆمان دەبێت.

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا بۆ جاری دووەم رێگە بە کازم فاروق سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ نەدرا بچێتە بینای پەرلەمان، کە دانیشتنەکە تایبەت بوو بە دۆخی کەسوکاری ئەنفالکراوان و تیایدا گرژی دروستبوو.

رۆژی ٣١ی ئازار، کازم فاروق، جوتێک پێڵاوی گرتە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پەرلەمان باسی بابەتێک دەکات پەیوەندی بە کێشەکانی خەڵکەوە نییە.

دوای ئەو دانیشتنەش، لە ٧ی مانگی نیساندا پەرلەمان جارێکی دیکە کۆبووەوە و تیایدا رێگە بە کازم فاروق نەدرا بچێتە دانیشتنەکەوە.

لەبارەی رووداوەکەشەوە رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، کە تاوەکو کازم فاروق داوای لێبوردن نەکات رێگای پێنادرێت بچێتەوە دانیشتنەکانی پەرلەمان و ئەو قسانەش کاردانەوەی لایەنەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.