سەردێڕ:

مژدە مەحمود بۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: واز لە قسە تەشریفاتیەکان بهێنە

فۆتۆ: 
2021-04-14

4655 جار خوێندراوەتەوە

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا گرژی دروستبوو و پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ داوادەکەن، کە بڕیاری رێگەنەدان بە کازم فاروق بۆ چوونەژوورەوەی لە پەرلەمان هەڵبوەشێندرێتەوە.


پاش ئەوەی بۆ جاری دووەم رێگا بە کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ نەدرا بچێتە بینای پەرلەمانەوە، پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ داوا دەکەن سەرۆکی پەرلەمان ئەو  بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە.

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا کە تایبەتە بە دۆخی کەسوکاری ئەنفالکراوان، گرژی دروستبوو و مژدە مەحمودیش داوا لە رێواز فایەقی سەرۆکی پەرلەمان دەکات، "واز لە قسەی تەشریفاتی بهێنێت."

رۆژی ٣١ی ئازار، کازم فاروق، جوتێک پێڵاوی گرتە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پەرلەمان باسی بابەتێک دەکات پەیوەندی بە کێشەکانی خەڵکەوە نییە.

دوای ئەو دانیشتنەش، لە ٧ی مانگی نیساندا پەرلەمان جارێکی دیکە کۆبووەوە و تیایدا رێگە بە کازم فاروق نەدرا بچێتە دانیشتنەکەوە.

لەبارەی رووداوەکەشەوە رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، کە تاوەکو کازم فاروق داوای لێبوردن نەکات رێگای پێنادرێت بچێتەوە دانیشتنەکانی پەرلەمان و ئەو قسانەش کاردانەوەی لایەنەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.