سەردێڕ:

کازم فاروق لەبارەی رێگەنەدانی بۆ چوونە پەرلەمان روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2021-04-14

2417 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم رێگری لە کازم فاروق کرا بچێتە بینای پەرلەمان، رایگەیاند، ئەو رێگری کردنەی بە فەرمانی پارتی و یەکێتی بووە.


کازم فاروق لەبارەی رێگریکردن لێی بۆجاری دووەم کە بچێتە پەرلەمان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، بە فەرمانی پارتی و یەکێتی رێگری لێدەکرێت بچێتە ناو پەرلەمان، دەشڵێت، "کە داوای فەرمانەکە لە برایانی پۆلیس دەکەین دەڵێن نهێنییە."

کازم فاروق وتیشی، "ئێمە داوای لێبوردن ناکەین و ئەوەی دەبێت داوای لێبوردن بکات سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەیەتی، کە موچەی خەڵکیان بڕیوە و گەنجیان بێکار کردووە."

ئەوەشی خستەڕوو، "پارتی و یەکێتی دەبێت داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن، کە خاوەنی ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەرن و شەڕی ناوخۆیان کردووە و لە ئێستاشدا رێگری لە سەرۆکی فراکسیۆنێکی ئۆپۆزسیۆن دەکەن بچێتە پەرلەمانەوە، بەمەش دژاتیەتی خەڵک و دەنگی خەڵک دەکەن."

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوە نوێ وتیشی، "ئەم پەرلەمانە ماوەی دوو ساڵە چ یاسایەکیان خستووەتە بەرنامەی کارەوە لە مەسڵەحەتی خەڵک بێت، یان داوابکەن لێبڕینی موچە کۆتایی پێبهێنن و گەنج بخەنە سەر کار."

رۆژی ٣١ی ئازار، کازم فاروق، جوتێک پێڵاوی گرتە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پەرلەمان باسی بابەتێک دەکات پەیوەندی بە کێشەکانی خەڵکەوە نییە.

دوای ئەو دانیشتنەش، لە ٧ی مانگی نیساندا پەرلەمان جارێکی دیکە کۆبووەوە و تیایدا رێگە بە کازم فاروق نەدرا بچێتە دانیشتنەکەوە.

لەبارەی رووداوەکەشەوە رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، کە تاوەکو کازم فاروق داوای لێبوردن نەکات رێگای پێنادرێت بچێتەوە دانیشتنەکانی پەرلەمان و ئەو قسانەش کاردانەوەی لایەنەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.