سەردێڕ:

پەیامێک لە مەسرور بارزانییەوە

فۆتۆ: 
2021-04-14

5780 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەهۆی یادی ٣٣ ساڵەی ئەنفالەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، حكومەتی هەرێم، لە کاتێکدا داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بۆ كەسوكاری قوربانییان و خەڵكی زیانمەندی شاڵاوی ئەنفال لە عێراق دەکات، کار بۆ ئەوە دەکات خزمەتێکی زیاتری کەسوکاری ئەنفالکراوان بکات.


مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەهۆی یادی ٣٣ ساڵەی ئەنفالەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەمڕۆ سی و سێ ساڵ بەسەر شاڵاوەکانی ئەنفال تێدەپەڕێت، کە رژێمی لەناوچووی بەعس، بە ئامانجی جینۆسایدكردنی گەلی كوردستان، بە هەشت قۆناغ، هەزاران هاونیشتمانی بێتاوانی بێسەروشوێن و زیندەبەچاڵ کرد، هەزاران گوند و شارەدێ و هەزاران مزگەوت و قوتابخانە و دەیان كڵێسای کوردستانی خاپووركرد، رەز و باخ و كێڵگەی جوتیارانی سوتاند و كانیاوەكان تەقاندەوە و بنەماکانی ژیانی لە ناوبرد."

مەسرور بارزانی دەشڵێت، " لەم یادە پڕ ناسۆرەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدان و قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە."

نووسیوشیەتی، "حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە کاتێکدا داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بۆ كەسوكاری قوربانییان و خەڵكی زیانمەندی ئەو شاڵاوە دڕندانەیە لە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەکات، هاوکات کار دەکات بۆ ئەوەی خزمەتێکی زیاتری کەسوکاری ئەنفالکراوان بکات و ژیانێکی شکۆمەندانەیان بۆ فەراهەم بکات ."

سەرۆکی حکومەت هیوادەخوازێت ئەو یادە، بکرێتە هاندەری پتەوكردنی یەكڕیزی نیشتمانی و قوڵكردنەوەی گیانی تەبایی و برایەتی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان هەموو گەلانی ناوچەكە.

ئەنفال، یەکێکە پڕۆسە سەربازیەکانی رژێمی بەعس، کە لە ساڵى ١٩٨٨دا بەرامبەر بە کوردەکان ئەنجامیدا و بەشەش قۆناغ تەواو بوو، لەو پڕۆسەیەدا هێزە سەبازى و فەرمییەکانى سەردەمى بەعسی سەددامى "فەیلەقی یەکەم کە بارەگاکەى لە کەرکوک بوو، فەیلەقی پێنجەم کەبارەگاکەى لە هەولێر بوو"، هێزى ئاسمانى، هێزى تایبەت، مەغاویر، گاردى کۆمارى، بەڕیوەبەرایەتییەکانى ئاسایش و هەواڵگیرى وهەواڵگیرى سەربازى، یەکە تایبەتەکان بەچەکە کیمیاوى و بایۆلۆجییەکان، سەرجەم دامەزراوەکانى دیکە، بەشدارییان تیایدا کرد و تیایدا زیاتر لە ١٨٢٠٠٠ هەزار کورد بونە قوربانى و سەرجەم گوندەکانى ئەو ناوچانەى کەپڕۆسەى ئەنفالى تیادا جیبەجێکرا خاپور بوون.