سەردێڕ:

ئەگەر پەستانی خوێنت بەرزە رەچاوی ئەم خاڵانە بکە

فۆتۆ: 
2021-04-14

6321 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی عێراقی چەند ڕێنماییەکی پزیشکی بۆ مانگی رەمەزان بڵاوکردەوە تایبەت بەو کەسانەی پەستانبەرزی خوێنیان هەیە لە پێناو کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیەکەیان.


بەگوێرەی رێنماییەکان، پێویستە ئەو کەسەی گرفتی پەستانبەرزی خوێنی هەیە دوای ئەنجامدانی نوێژی تەراویح حەبەکانی بخوات، چونکە پێویستە لە کاتی رۆژووشکاندن تا دوای نوێژی تەراویح بڕێکی پێویست ئاو بخواتەوە.

دەشڵێت، ئەگەر کەسێک رۆژێک بیریچوو حەبەکانی بخوات، ئەوا پێویست ناکات رۆژی داهاتوو دوو هێندە حەب بخوات، بەڵکو پێویستە رێکی بکاتەوە و تەنها دەرمانی ئەو رۆژەی بخوات.

هاوکات، پێویستە لە نێوان کاتی رۆژوو شکاندن تا پاش تەراویح شەربەتی سروشتی و شلەمەنی زۆر بخواتەوە تا برێکی باش شلەمەنی بۆ جەستەی بگەڕێتەوە. بەڵام دەبێت بەهیچ شێوەیەک شەربەتی گیراو و خواردنەوە گازییەکان نەخواتەوە.

هەربەگوێرەی رێنماییەکان، پێویستە ئەو کەسانە بەردەوام و لەکاتی ژەمەکاندا سەوزە و میوەی زۆربخۆن و بیکەنە خواردنی سەرەکی ژەمەکانیان. هاوکات، لە خواردنی سوێر و چەوری دوربکەونەوە.

لە کۆتایی رێنماییەکاندا هاتووە، هەرکات هەستی بە ناڕەحەتی، سەرگێژخواردن یان سەرئێشە کرد، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕبکات و رۆژانە بەردەوام پەستانی خوێنی بپێوێت.