سەردێڕ:

کۆشکی سپی: سەرباری چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران؛ ئامادەین لەگەڵیاندا دانوستان بکەین

فۆتۆ: 
2021-04-13

1100 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، واشنتۆن پابەندە بە دانوستان و گفتوگۆکانی لەگەڵ تاراندا، سەرباری ئەوەی هێشتا ئێران بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم.


ئەمڕۆ سێشەممە، جان پاسکی وتەبێژی کۆشکی سپی لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەکرد، هەرچەندە ئێران بەردەوامە لەبەرهەمهێنانی یۆرانیۆم و لەئێستاشدا هەنگاوی نوێی گرتووەتەبەر، بەڵام ئەمریکا ئامادەیە دانوستان و گفتوگۆکانی لەگەڵ ئێراندا دەستپێبکاتەوە و پابەندی بێت، دەشڵێت، "نیگەرانی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانین".

وتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە لەو بڕوایەداین کە رێچکەی دیبلۆماسی تاکە رێگەیە کە بەرەو پێشەوەمان دەبات و تەنانەت ئەو گفتوگۆیە ناراستەوخۆش بێت؛ باشترین رێگەیە بۆ ئەوەی بەرەو ئەنجامێکی دیارمان ببات".

هەفتەی رابردوو، هێرشی ئەلکترۆنی کرایە سەر کێڵگەی ئەتۆمی ناتانز بۆ بەرهەمهێنانی ئەتۆمی لە ئێران؛ ئیسرائیل بەرپرسیارێتی لە ئەستۆگرت و ئێرانیش تەلئەبیبی تۆمەتبارکرد، زیانی هێرشەکە بەرێژەی ٢٠%بوو، دوابەدوای هێرشەکە، ئێران رایگەیاند پرۆسەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی، بەرێژەیەکی بەرچاو زیادکردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٠ی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، جۆ بایدن وەک ٤٦هەمین سەرۆکی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد، بەگوێرەی وتەکانی بایدن لە کاتی بانگەشی هەڵبژاردنەکاندا، بەنیازە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ئاسایی بکاتەوە و رێککەوتننامەی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ش، کە لە ٢٠١٨دا ئیدارەی ترەمپ بەفەرمی لە رێککەوتنەکە کشایەوە سەرلەنوێ زیندوو بکاتەوە

رێککەوتنامەی JCPA کە بە رێککەوتنامەی 'ئەتۆم'ی ناسراوە و لە ١٤ی تەمموزی ٢٠١٥، لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا لە نێوان هەریەک لە چین، فەڕەنسا، روسیا، بەریتانیا، ئەمریکا، ئەڵمانیا لەلایەک و ئێرانیش لەلایەکی ترەوە واژۆکرا، ئامانج لە رێککەوتنەکەش سنوردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی بەرهەمهێانی چەکی ئەتۆم بوو لەلایەن ئێرانەوە.