سەردێڕ:

پرۆژەی ئامادەکردنی دەستوری هەرێم دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

فۆتۆ: 
2021-04-13

4674 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، داوای لە سەرجەم فراکسیۆنەکان کردووە ڕا و تێبینیی خۆیان لەبارەی دەستوری ھەرێمی کوردستانەوە ئامادە بکەن و پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بکەن، بۆئەوەی دەست بە ئامادەکردنی دەستور بکرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، زانا مەلاخالید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی باسی لەوەکردووە، داوا لە سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کراوە، تا ناوەڕاستی مانگی داھاتوو، ڕا و سەرنجی خۆیان لەبارەی دەستوری ھەرێمی کوردستانەوە پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکەن، بۆ ئەوەی بزانن میکانیزم و نووسینەوەی دەستور بە چ شێوازێک دەبێت، لەگەڵ پێکھێنانی لیژنەیەکدا بۆ دەستور.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە کە بە زوویی هەنگاوەکانی ئامادەکردنی دەستور دەست پێبکات و لەم وەرزە و وەرزی داھاتوودا بە جددی کار لەسەر دەستور بکرێت.

لە ساڵی ٢٠٠٩وە رەشنوسێك لەلایەن كەسانی پسپۆر و ئەكادیمی و یاسایی و سیاسی، بۆ هەرێمی كوردستان نوسراوە و ئاراستەی پەرلەمان كراوە.

هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستوری پەسەندکراوی عێراق هەرێمێکی دانپێدانراوە و خاوەنی دامەزراوەکانی وەک سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی دەسەڵاتی دادوەرییە و تا ئێستاش لە خاوەنی دەستورێکی پەسەندکراونییە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی چەندین کێشە بە چارەسەرنەکراوی بمێننەوە.