سەردێڕ:

وەزیری دارایی هەرێم لەبارەی لێبڕینی موچەوە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2021-04-13

22184 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، هێشتا رێککەوتنمان لەگەڵ بەغدا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە جێبەجێکرا ئینجا کاریگەری لەسەر موچە دەردەکەوێت و "بەغدا پارەش بنێرێت؛ دیار نییە لێبڕینی موچە دەمێنێت یان نا."


ئەمڕۆ سێشەممە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم لەچوارچێوەی بەشداریکردنی لە پرۆگرامی تاوتوێی ئێن ئاڕتیدا باسی لەوەکرد، رێککەوتنەکەی هەرێم لەگەڵ بەغدا سەرکەوتنێکی سیاسی و ئابوری گرنگە بۆ هەرێم و ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت ئەگەری زۆر هەیە لێبڕینی موچە نەمێنێت، دەشڵێت، "لەگەڵ بەغدا  لەسەر موچەی ٦٨٢ هەزار موچەخۆر رێککەوتووین، بەڵام خۆمان ملیۆنێک و ٢٠٠ موچەخۆرمان هەیە."

وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکردووە، هەرچەندە پێش رێککەوتنەکە دەستیان بەوە کردبوو کە چۆن خۆیان موچە دابین بکەن، بەڵام هەتا بەغدا پارە نەنێرێت نازانن لێبڕینی موچە دەمێنێت یان نا، رێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغداش بە دەستکەوتێکی گرنگ ناودەبات.

لەبارەی پرس و مەلەفی نەوتیشەوە، ئاوات شێخ جەناب وتی، لە رێگەی رێککەوتنەکەوە دەستیان کردووە بە شەفافیەتی نەوت و لەمەودواش هەموو داهات نەوتی هەرێم دەچێتەوە وەزارەتی دارایی و پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکاندا دەکەن، دەشڵێت، "ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکی حکومەتیشەوە رازی نییە لە پرۆسەی نەوت."

ئەو وەزیرەی حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، "یاسای بودجەی هەرێم پەسەند دەکرێت و داهاتی نەوت دێتەوە وەزارەتی دارایی و هیچ گرێبەستێکی نەوت لەسەردەمی ئەم کابینەیەدا نەکراوە، عێراق سکاڵای هەیە ئێمە نەوت بە تورکیا دەفرۆشین"، هەر لە بەرنامەکەدا راشیگەیاند، "ئەو نەوتانەی کە هەرێم دەیفرۆشێت پارەکەی لە رێگەی بانکەوە دێتە وەزارەتی دارایی."

پاش ئەوەی لە ٣١ی ئازاردا پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ لەلایەن عێراقەوە پەسەندکرا و بڕیارە لەم مانگەوە عێراق بەشەبودجەی هەرێم بنێرێت، فشارەکان بۆ لابردنی لێبڕینی موچە زیادیکردووە و بەڕێوەبەری گشتی بودجەش لە وەزارەتی دارایی هەرێم بەدووری دەزانێت لێبڕین لەم مانگەوە لابچێت.