سەردێڕ:

لەبارەی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە؛ کەنەدا بڕیاری سزادانی تورکیای دا

فۆتۆ: 
2021-04-13

4793 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند، بڕیاری قەدەغەکردنی رەوانەکردنی چەک و کەلوپەلی سەربازی تایبەت بە تەکۆنۆلۆژیای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ تورکیادا دراوە، پاش ئەوەی دەرکەوتووە کە چەک و کەلوپەلە سەربازییەکانی کەنەدا لەلایەن هێزەکانی ئازەربایجانەوە لە دژی ئەرمینیا، بەکارهاتووە.


مارک کارانیوۆ وەزیری دەرەوەی کەنەدا لەراگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، وڵاتەکەی بۆی دەرکەوتووە، کەلوپەلە سەربازییەکانی کە پێشتر بە تورکیای فرۆشتووە، لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ئازەربایجانەوە لەشەڕی دژی ئەرمینیا بەکارهاتووە، دەشڵێت، "ئەمە پێچەوانەی ستاندارد و یاساکانی دەرەوەی کەنەدایە."

وەزیری دەرەوەی کەنەدا ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا بەبێ رەزامەندی کەنەدا ئەو چەکانەی بە ئازەربایجان داوە و باس لەوەشکراوە، "نیگەرانی کەنەدای تایبەت بەو پرسە گەیاندووەتە مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا."

لەبەرامبەریشدا، باڵیۆزخانەی تورکیا؛ لە شاری ئۆتاوای پایتەختی کەنەدا وتوویەتی، "چاوەڕێ دەکەین هاوپەیەمانەکانی ناتۆمان، دووربکەوێتەوە لە هەنگاوی نەرێنی؛ کە کاریگەری بکاتە سەر پەیوەندییە سیاسی و دوو قۆڵییەکانمان."

کەنەدا کەلوپەلی سەربازی و سیستەمی کامێرای تایبەت بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی "بەیکەر" بە تورکیا دەفرۆشت، بەڵام لەساڵی ٢٠١٩دا و بەهۆی چالاکییە سەربازییەکانی تورکیا لەسوریا هەڵپەسێردرا و دواتر مۆڵەتی پێدرایەوە؛ بەڵام لەسەروبەندی سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناگۆرۆنا-قەرەباخدا، جارێکی دیکە سزاکان کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەماوەی ساڵی رابردوودا، بەگوێرەی داتا سەربازییەکان؛ قەبارەی هەناردەکردنی چەک و کەلوپەلی سەربازی بۆ ئازارەبایجان؛ شەش هێندە زیادیکردووە، بەجۆرێک ئاستی فرۆشتنی فڕۆکەی بێ فرۆکەوان و ئامێرە سەربازییەکانی دیکە لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا و پێش سەرهەڵدانی شەڕی ناگۆرۆنا-قەرەباخ گەشتە ٧٧ ملیۆن دۆلار.