سەردێڕ:

عێراق چەند بڕیارێکی پەیوەست بەمانگی رەمەزانەوە دەرکرد

فۆتۆ: 
2021-04-13

6786 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکی لەبارەی بڕیارەکانی تایبەت بە مانگی رەمەزان لە فەیسبووک بڵاوکردەوە و تیایدا داوای لە وەزارەتی بازرگانی کردووە، دووجار بەشە خۆراکی مانگانە دابەشبکرێت و رێگری لە گرانکردنی پێداویستی خۆراک بکرێت.


نوسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکیدا بڵاوکردەوە، داوا لە وەزارەتی بازگانی عێراق کراوە ئامادەکاری بکات بۆ دابەشکردنی بەشەخۆراکی هاوڵاتیان زیاتر لە جارێك لەم مانگەدا و ئەوەشی خستووەتەڕوو، بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستی و خۆراك بەدواداچوون دەکرێت و رێکاری تایبەت لەوبارەوە دەیگیرێتەبەر.

باسی لەوەشکردووە، ئەو بازگانانەی نرخی پێداویستیەکان بەرزدەکەنەوە لێپیچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

لە مانگی ئازاری رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانەوە شەش بڕیاری دەرکرد و تیادا باسی لەوەکردبوو، بە بەردەوامی چاودێری بازاڕەکان دەکرێت و لێپێچینەوە لەو کەسانەش دەکرێت، کە یاری بە نرخی خواردن و شتومەکەوە دەکەن.