سەردێڕ:

نرخی نەوت بەرزبووەتەوە؛ ئایا لە بودجەی ٢٠٢١ی عێراقدا دەستکاری نرخی دۆلار دەکرێت؟

فۆتۆ: 
2021-03-08

10870 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت حکومەت دەباتە ئەو قۆناغەی پێویستی بە بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناردا نەبێت، دەشڵێت، هەمیشە لە بودجەدا نرخی نەوت بەشێوەیەک جێگیردەکرێت کە کەمترە لە نرخی بازاڕ.


شاکر جەودەت ئەندامی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا ناوخۆییەکانی عێراق رایگەیاند، پەرلەمانی عێراق بەنیازنییە نرخی نەوت لە بودجەی ٢٠٢١ دا بگۆڕیت، چونکە نرخەکەی جێگیر نییە و جێگەی متمانە نییە.

راشیگەیاند، لەکاتی بەرزبوونەوەی نرخ و ئەو بڕە زیادەی لە نرخەکەی دەمێنێتەوە دەخرێتە سەر خەرجییە گشتییەکان.

لەبارەی گۆڕانی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار ئاشکرایکرد، بە بەرز بوونەوەی نرخی نەوت لەم دواییانەدا، چیدی پێویست ناکات حکومەت نرخی دۆلار بەرزبکاتەوە، بۆیە پێویستە لەم هەنگاوەی پاشگەزبێتەوە.

دەشڵێت، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو کورتهێنانی بودجە کەمدەکاتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، نرخی نەوت لە ماوەی رابردوودا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە، بەجۆرێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی برینت گەیشتووەتە ٧٠ دۆلار کە ئەمڕۆش بەرزترین نرخی لە ماوەی ساڵێکدا تۆمارکرد و گەیشتە سەرو ٧٠ دۆلار.