سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم قەدەغەی هاتوچۆی نیمچەیی راگەیاند

فۆتۆ: 
2021-03-01

265691 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان قەدەغەی هاتوچۆی نیمچەیی راگەیاند و دەڵێت، لەمەودوا، لە ١٢ی شەوەوە تاوەکو ٦ی بەیانی لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەغەی هاتوچۆ دەبێت.


جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا رایگەیاند، جگە لە قەدەغەی نیمچەیی دوای ١٢ی شەو، لەمەودوا لە سێ رۆژی هەفتەدا، واتە پێنجشەممە، هەینی و شەممە، رێگە بە هاتوچۆی نێوان شارەکانی هەرێم و عێراق نادرێت.

هاوکات، جوتیار عادل لەبارەی بەردەوامیی پرۆسەی خوێندنەوە باسی لەوەکرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای کۆرۆنادا بڕیاردراوە، کە پرۆسەی خوێندن تاوەکو ١٠ی ئەم مانگە بە رێکاری توندەوە بەردەوامدەبێت. دواتریش دیسان کۆبوونەوە دەکرێت و بڕیاری دیکە دەدرێت.

وتیشی، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی، "دۆخەکە مەترسیدارە" و دەبێت رێکارەکان توندبکرێنەوە و هەر کەس و لایەنێکیش خۆی لە پەیڕەوکردنی رێنماییەکان بدزێتەوە، ئەوا توشی لێپێچینەوە دەبێت.

 

لە سەرەتای ساڵی رابردوودا کە تازە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بڵاودەبووەوە، حکومەتی هەرێم قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاند کە دواتر بۆ چەندین مانگ درێژکرایەوە. هەر لەوکاتەدا، دەرگای قوتابخانەکانیش بۆ ماوەیەکی زۆر داخران. بەڵام هەموو ئەو رێکارانە ناڕەزایەتی بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیانی لێکەوتەوە.