سەردێڕ:

بڕیارەکانی لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا راگەیاندرا

فۆتۆ: 
2021-03-01

26539 جار خوێندراوەتەوە

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، کە لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنادا بڕیاردراوە بە بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن بە توندترکردنی رێنمییەکانەوە، دەشڵێت، "ئەم بڕیارانەی کە دراوە تاوەکو ١٠ی ئازار بەردەوام دەبێت."


لە گرنگترین بڕیارەکانی لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا:

١.ئەگەر دۆخەکە بەوشێوەیە بێت و توشبوون لە هەڵکشاندا بێت، رێکارەکان توند دەکرێنەوە و ئەگەر زیاتر بوو ناوەندەکانی خوێندن دادەخرێن.

٢.لە ئێستادا خوێندن بە رێکاری توندترەوە بەردەوام دەبێت.

٣.رێکارەکان توند دەکرێنەوە لە سەرجەم دامودەزگاکاندا و پێویستە پابەندبوون بە بڕیارەکان زیاتر بێت.

٤.ئەم رێکارانە تاوەکو ١٠ی ئازار دەبن و دواتر کۆبوونەوەی دیکە دەکرێت.

٥.ئەگەر خەڵک پابەند نەبوو رێکاری توندتر دەگیرێتەبەر.

٦.قەدەغەی هاتوچۆی نیمچەیی لە شارەکانی هەرێمدا دەبێت و سەرجەم شوێنەگشتییەکان لە کاتژمێر ١٢ی شەو بۆ ٦ی بەیانی دادەخرێن.

٧.هاتوچۆی نێوان شارەکانی هەرێم و ناوەڕاست و خواروی عێراق لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی و شەممەدا رادەگیرێت.

٨.ئەگەر دۆخەکە خراپتر ببێت ئەوا ناچار دەبن رێکاری دیکە بگرنەبەر کە زۆر هەڵبژاردە لەخۆدەگرێت.

دوو حەفتە جارێک لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێم کۆدەبنەوە و بڕیاری نوێدەدەن لەسەر دۆخی تەندروستی و هاتوچۆ و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی شارەکانی هەرێم.

هاوکات، ماوەی نزیکەی دوو حەفتەیە حاڵەتی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمدا تۆمارکراوە و تەندروستیش هۆشداری دەدات بەوەی، کە ئەو زنجیرە نوێیەی ڤایرۆسەکە بەخێرایی بڵاودەبێتەوە، بەڵام مەترسیدار نییە وەک کۆرۆنای باوان.