سەردێڕ:

لێدوانی وەزیری پەروەردەی هەرێم لەسەر ئەو مامۆستایەی وتبووی بە قۆپییە دەرچووە

فۆتۆ: 
2021-02-28

63345 جار خوێندراوەتەوە

لەسەر ئەو مامۆستایەی وتبووی، "هەموو ساڵێک بە قۆپی دەرچووە"، وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، ئەو کەسە فەرمانبەر یاخود مامۆستا نییە لە وەزارەتی پەروەردە، بۆیە ناتوانن لێپێچینەوەی لەگەڵ بکەن و پێویستی بە لایەنی دیکە و بەدواداچوونی زیاترە.


ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "سەرکۆنەی هەموو کارێک دەکەین کە تایبەتە بە گزی کردن و رێکاری تایبەت بە خۆمان بۆ نەهێشتنی ئەو کارە هەیە و هەموو ساڵێک رێکاری پێویستمان بەرامبەر ئەو کەسانە گرتووەتەبەر کە گزی دەکەن."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەبارەت بەو کەسەی لە کەناڵێکەوە باسی گزی کردنی خۆی کردووە، ئەو کەسە هیچ پەیوەندی بە وەزارەتی پەروەردەوە نییە و فەرمانبەر یاخود مامۆستای ئێمە نییە."

باسی لەوەشکردووە، "ئەو پەیمانگا ناحکومیەشی کە ئەو بەڕێوەبەریەتی لە وەزارەتی پەروەردە بە ناوی کەسێکی دیکەوەیە، بۆیە ناتوانین لێپێچینەوەی لەگەڵ بکەین."

ئالان حەمەسەعید دەشڵێت، "ئەو دۆسیەیە زیاتر پێویستی بە بەدواداچوونە لەلایەن کەسانی یاساییەوە، نەک تەنها لایەنێک و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە."  

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، گرتە ڤیدیۆییەک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، کە تیایدا مامۆستایەک باس لەوەدەکات، هیچ کات پێویستى بە کۆشش کردن نەبووە هەر بە قۆپییەکردن قۆناغەکانى خوێندنى بڕیوە.

نەک هەرئەوەش، بەڵکو وردەکاریی گزییەکەى دەخاتەڕوو چۆن کردوویەتى و چ کەرەسەیەکى بەکارهێناوە، کە ئەوەش کاردانەوەى لێکەوتەوە و بەشێک رەخنەى توندیان لەو مامۆستایە گرت کە چۆن بەو شێوەیە پێگەیشتوە و ئێستا چۆن دەیەوێت منداڵى خەڵکى پەروەردە بکات.

لەو بارەیەوە، کەریم شەریف قەرەچەتانی دەرونناس و شارەزاى پەروەردەیی لە نوسینێکدا ئەوەی خستبووەڕوو، "باشە ئەم بەڕێزە خۆی دانی بە ئەوەدا ناوە ھەر بە غەش و قۆپیە دەرچووە و ئێستاش لە زانکۆ کاردەکات لە لایەنی یاساییەوە بەرپرسیاریەتی چییە؟"

کەریم شەریف وتبووشی، "باشە چۆن دەتوانێت بە خوێندکاری زانکۆ بڵێ قۆپیە مەکە، باشە ئەگەر بە ئەو شێوە خوێندنی تەواو کردووە، بۆچی لە راگەیاندن باسی دەکات."

لە بەرامبەردا، هەندێک ئەم وتانەى ئەو وەک ئازادى رادەربڕین لێکدەکەنەوە و بەشێکیش پێیانوایە، ئەو تەنها نییە لەوەى کە بە ناشایستەیی بروانامەى بەدەستهێنابێت و هەندێک لەوانەش ئێستا پۆست و پلەى فەرمیان هەیە بە هەمان شێوەن.