سەردێڕ:

بۆ سێیەمین رۆژ لەسەریەک؛ هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە هەرێم تۆمارنەکرا

فۆتۆ: 
2021-02-28

5444 جار خوێندراوەتەوە

هەرچەندە زیاتر لە هەفتەیەکە، حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەڵام رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان تاڕادەیەکی جێگیرە و ئەمڕۆش سێیەمین رۆژە هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بەڤایرۆسەکە تۆمار نەکراوە.


بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراقم ئەمڕۆ یەکشەممە ، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا و لەپارێزگاکانی ناوەڕاست و باشور (سێ هەزار و ١١) کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەکاتێکدا لەماوەی تەنها ٢٤ کاتژمێردا لە تەواوی هەر سێ پارێزگاکە و هەردوو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان لە هەرێمی کوردستان (٢٣١) کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون.

وەزارەتی تەندروستی عێراق باسی لەوەشکردووە، تەنیا ئەمڕۆ شەممە لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق (٢٣) کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم و هەردوو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان هیچ کەسێک بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانی لەدەستنەداوە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی عیراق، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە تا ئێستا، ٦٩٥ هەزار و ٤٨٩ کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. لەو ژمارەیەش، ٦٣٥ هەزار و ٩٣١ کەس چاکبوونەتەوە و ١٣ هەزار و ٤٠٦ کەسیش گیانیان لەدەستداوە. لە ئێستاشدا ٣٩٧ کەس لەژێر چارەسەری پزیشکیدایە.