چاوگێکی ئەمنی بە ئێن ئاڕ تی رایانگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو لە پارێزگای ئەنبار حەوت چەکداری حەشدی عەشایەری کوژران.
چاوگێکی ئەمنی بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە ناوچەی شامیەی قەزای حەدیسە و لە گەڕەکی مەدهەم لە خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار تەقییەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، هێزێک لە لیوای پیادەی هەشتی/ فیرقەی حەوت ئۆتۆمبێلێکی لە جۆری پیکابی سپی گروپی چەکداری داعشی دۆزیوەتەوە، کە بەرەو ئاراستەی بیابانەکانی قائیم رۆیشتووە ، بەڵام لەکاتی هەڵوەشاندنیدا بە تیمی ئەندازیاریدا تەقیوەتەوە.
چاوگەکە ئاشکراشیکرد، بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەوە حەوت چەکداری حەشدی عەشایەری گیانیان لەدەستداوە، کە لەنێویشیاندا نەقیب عەبدوڵا، بەرپرسی فەسیڵی چارەسەرکردن و سەربازێکی لیوای پیادەی هەشت هەیە.
هاوکات، ١٠ کەسی دیکە برینداربوون، کە پێنجیان سەر بە لیوای پیادەی هەشتن و دووانیان چەکداری حەشدی عەشایەرین.