سەردێڕ:

کاتی گەیشتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2021-02-28

2894 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی فڕۆکەی تایبەتی عێراق رەوانەی وڵاتی چین کرا بۆ هێنانەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، دوای گەیشتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ بەغدا، لەماوەی دوو رۆژدا پشکی هەرێم دەگاتە هەولێر.


خالس قادر بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند، پشکی هەرێم لە کاروانی یەکەمی ڤاکسینە چینیەکەدا، ٣٠٠ هەزار ژەمە و سەرەتا دەدرێت بەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و ئەوانەی بەرگریان لاوازە و کارمەندانی ئەمنی و دواتر هەموو هاوڵاتیان.

دوو رۆژ لەمەوبەر، سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، فڕۆکەی تایبەتی هێزی ئاسمانی رەوانەی وڵاتی چین کراوە تا بارە ڤاکسینەکانی کۆرۆنا بهێنێتەوە.

وتیشی، "لە دوو رۆژی داهاتوودا، واتە لە ٢٨ی ئەم مانگەدا، ڤاکسین دەگات" و ئەوەش بەو مانایە دێت کە ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئەگەری زۆر ڤاکسینەکە دەگاتە بەغدا.