سەردێڕ:

یەکەم موسڵمان لە بەریتانیا بووە سەرۆکی پارتێکی سیاسی

فۆتۆ: 
2021-02-27

6916 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەنەس سەروار وەک یەکەم موسڵمان لە بەریتانیا بووە سەرۆکی پارتی کرێکارانی سکۆتلەندی.


ئەمڕۆ شەممە، ئەنەس سەروار لەلایەن پارتی کرێکارانی سکۆتلەندیەوە وەک سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا و توانی بە رێژەی ٥٧.٦% دەنگەکان بەسەر رکابەرەکەیدا مۆنیکا لینوندا سەربکەوێت، کە ٤٢.٤% دەنگەکانی مسۆگەرکردووە.

لەلایەن خۆیەوە، ئەنەس سەروار لە فەیسبووک لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، "ئەمە شەرەفێکی گەورەیە بۆ من، کە ببمە سەرۆکی پارتی کرێکارانی سکۆتلەندی و دەبمە سەرکردەیەک زیاتر سەرنج دەخەمە سەر ئەو شتەی وەک دەوڵەت یەکمان دەخات نەک ئەو شتەی لێکمان دەترازێنێت".

سەروار دەبێتە جێگرەوەی ریچارد لیۆنارد کە لە مانگی کانوونی دووەم دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.

بەگوێرەی رۆژنامەی گاردیان، ئەنەس لە دایک و باوکێکی مسوڵمانی پاکستانی لە ساڵی ١٩٨٣ لە گلاسکۆ لە دایکبووە، ساڵی ٢٠١٠ دەستبەرداری پیشەکەی بووە، کە پزیشکی ددان بووە و دەستی بە کاری سیاسی کردووە.

لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ تا ٢٠١٤  سەروار وەک جێگری سەرۆکی پارتی کرێکارانی سکۆتلەندی هەڵبژێردراوە و سەرپەرشتیاری هەڵمەتی بانگەشەی پارتەکەی کردووە بۆ ئەنجامدانی راپرسی لە پێناو سەربەخۆیی سکۆتلەندا.

پێشتریش، محەمەد سەرواری باوکی ئەنەس ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا بووە و لەنێوان ساڵانی ١٩٩٧ بۆ ٢٠١٠ نوێنەری کورسی گلاسکۆ بووە لە پەرلەمانی بەریتانیا.