سەردێڕ:

عامری بۆ كازمی: ئه‌مریكا حه‌شدی شه‌عبی بۆردومانكرد

فۆتۆ: 
2021-02-27

3557 جار خوێندراوەتەوە

هادی عامری داوا له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌كات، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و هێرشه‌ ئاسمانییه‌ی ئه‌مریكا بكات، كه‌ لەسەر سنوری عێراق ئەنجامیدا و دەڵێت، "لە هێرشەکەدا حه‌شدی شه‌عبی كراوەتە ئامانج."


هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌باره‌ی هێرشە ئاسمانییەکەی ئه‌مریكا، کە لەسەر سنوری عێراق -‌ سوریا ئەنجامدرا رایگه‌یاند، داوا له ‌سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌ک فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداركانی عێراق ده‌كه‌ن، لێكۆڵینه‌وه‌ بكات له‌و هێرشه‌ی له ‌سنوره‌كان ئه‌نجامدرا.

هادی عامری ده‌شڵێت، "زانیاریمان هه‌یه‌ ئه‌و هێرشه‌ حه‌شدی شه‌عبی كردووه‌ته‌ ئامانج و پێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی ئه‌مریكایه‌، بۆ به‌ئامانجگرتنی میلیشیاكانی به‌رگری ئیسلامی عێراق له‌ خاكی سوریا."

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆردومانی گروپێکی چەکداری نزیک لە ئێرانیان کرد لە سنوری سوریا - عێراق، کە لە عێراقەوە هاتبوون و لە ئەنجامدا ١٧ چەکدار کوژراون.

دوای هێرشەکەش، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، " ئەو گروپەی لە سنوری سوریا بۆردومانکران هەمان گروپن کە هێرشیانکردە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان."